ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: بۆچی میلیشیاکان درۆنیان ببێت بەڵام ئێمە نەمانبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت لە سەرەتای ساڵی زایینیی ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی مەی 293 جار دەستدرێژی کراوەتە سەر خاکی عێراق لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەریق جەبار باوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای ده‌كات كه‌ وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵی داوە بۆ بەدەستھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ھاوپەیمانانیش ڕەزامەندن بۆ دابین کردنی درۆن بۆ پێشمەرگە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ ڕەزامەند نییە. دەشڵێت.

ناوبراو ڕاشیگەیاندووه‌، "ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیھان، ئەوانەی سوپایان ھەیە، فڕۆکەی شەڕکەری بێفرۆکەوان و چاودێری بەکار دێنن، ھەروەک بینیومانە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ پێکانی ئامانجێکی دیاریکراو بەکار دێت، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی فڕۆکەی درۆنی ھەیە، جگە لە سوپا و دژەتیرۆری عێراق ھەتا ھێزەکانی حەشدی شەعبییش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ھەیە.''

جەبار یاوەر وتیشی‌، "وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵی داوە درۆن بەدەست بێنێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی بودجەیەکی پێویست نەمانتوانی بیکڕین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵ ھەیە، هەوڵمان داوە لە ڕێگەی ھاوپەیمانانەوە درۆن بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت، ئەوەش بۆ مەبەستی شەڕکردن نییە، مەبەست لە بەدەستھێنانی درۆن بۆ چاودێریی ھێڵی بەرگریی پێشمەرگەیە لەگەڵ داعش بۆ ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەڕاسیۆنەکاندا بەکاری بێنین.''

یاوەری ڕوونیکردەوە، "ھاوپەیمانان ڕەزامەندییان نیشان داوە بۆ پێدانی درۆن بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕەزامەندیی نەداوە، سەرەڕای ئەوەی ھاوپەیمانان بودجەیان دابین کردووە، تا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پێشمەرگە دابین بکەن.''

فەریق جەبار یاوەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووه‌، "پاراستنی ئاسمانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەڕووی دەستوورییەوە ئەرکی حکوومەتی عێراقە، بەڵام عێراق نەیتوانیوە ئاسمانی عێراق و کوردستانیش بپارێزێت، لەبەر ئەوەش، بەردەوام ئاسمان و زەمینی عێراق و ھەرێمی کوردستان پارێزراو نەبووە، بەداخەوە عێراق ناتوانێت کۆنترۆڵی ئاسمانی خۆی بکات، فڕۆکەی پێشکەوتووش نییە لە عێراق بۆ پاراستنی ئاسمان".

News Code 6190

Your Comment

You are replying to: .
captcha