گوندەکانی ڕاژان، حەڵەج، سیلوانا، زێوە و دیزەج لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە سەرەتای ساڵەکانی 1360ی هەتاویەوە بوو بە پەناگا و شوێنی مانەوەی پەنابەرانی کوردی عێراق کە بە ئاڵای پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە لەو ناوچە کوێستانییەدا جێگیر بوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێڵی پشت گوندی سیلوانا شوێنی جێگیر بوونی سەرۆکی پارتی و گوندی ڕاژان ناوەندی نووسینگەی سیاسی و کەمپی بەناوبانگی زێوە شوێنی کۆبوونەوەی وابەستە و کادیرەکان و هەوادارانی ئەو حزبە بوو. هەورەها گوندی حەڵەج شوێنی ناشتنی کاتیی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی کۆچکردووی پارتی دیموکرات بوو کە پاش سووکایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تەرمەکەی؛ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی خوێنیندا لە شنۆوە گواسترابوویەوە حەڵەج.

ناوچەی مەرگەوەڕ دووجار بە دڕندانەترین شێوە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی بەعسی عێراقەوە بۆردوومان کرا؛ یەکەمیان لە ڕۆژی چوارشەممە سووریی ساڵی 1363ی هەتاوی و دووهەمیان لە 19ی جۆزەردانی 1364.

نیوەڕۆی 19ی جۆزەردانی 1364 فڕۆکە عێراقییەکان ناوچەکانی گوندی مەرگەوەڕیان کردە ئامانج سەرەتا گوندی سیلوانا کە شوێنی مانەوەی کاک مەسعوود بارزانی بوو و پاشان کەمپی زێوە کە ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی کوردی عێراقی تیایدا نیشتەجێ بوون بۆردوومان کرا کە لەم ڕۆژە خوێنینەدا نزیک لە 189 کەس شەهید و 350 کەس بریندار بوون.

لە کۆی شەهیدەکان 10 کەس لە هاووڵاتییانی کوردی ئێرانی سەربە گوندی سیلوانا و زێوە بوون و ئەوانی دیکە هەموویان ئاوارە کوردەکانی عێراق بوون کە لەدەستی ستەمی سەدام پەنایان بۆ ئێران هاوردبوو.

یادیان بەرز و پیرۆز بێت

Your Comment

You are replying to: .
captcha