وەزیرى خوێندنى باڵای هەرێمی کوردستان: مەبەستمانە سوود لە ئەزموونى زانکۆکانى ئێران وەربگرین
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەماهەنگى زانستی و ئەکادیمی ئێمە لەگەڵ زانکۆ ئاست بەرزەکانی وڵاتى ئێران لە ئاستێکى باشدایە و مەبەستمانە بۆ ڕیفۆرم لە خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى سوود لە ئەزموونى زانکۆکانى ئێران وەربگرین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیی لە نەسروڵا ڕەشنودى سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و شاندێکى کونسوڵخانە کرد.

لەو دیدارەدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، سەر کونسوڵى کۆماری ئیسلامی لە هەولێر لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکان و وەک کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش ئامادەى سەرجەم هاوکارى و پشتیوانیەکین بۆ ئەم وەزارەتە، لەو چوارچێوەیەشدا بە مەبەستى فراوانکردنى ئاستى پەیوەندییەکان و پەرەپێدانى هەماهەنگى نێوان هەردوو وەزارەت و زانکۆکانى هەرێم و کۆمارى ئیسلامى ئێران، بانگهێشتنامەی فەرمى پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بە مەبەستى سەردانى کۆمارى ئیسلامى ئێران.

سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر دووپاتی کردەوە زۆرترین هاوکارى و بەرەو پێشچوونمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا هەیە و دەمانەوێت ئەم بەرەو پێشچوون و هاوکاریانەمان بۆ ئاستێکى فراوانتر و بەرەو ئاڵوگۆڕى زیاترى مامۆستا و خوێندکار و ڕاهێنانى کادیران و پێگەیاندنیان ئاراستە بکەین.

لە وتەیەکیشدا ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: مەبەستمانە هاوکارى و هەماهەنگیمان لە بوارى خوێندنى باڵا و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى و خوێندکار و مامۆستاکانمان لەگەڵ زانکۆکانى ئێران بەتایبەت بۆ گەشەپێدانى بوارە تەکنیکی و پیشەییەکان زیاتر پەرە پێبدەین، بەتایبەتیش بۆ ڕیفۆرم لە خوێندنى باڵا و خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى سوود لە ئەزموونى کەڵەکەبووى ئەم وڵاتە وەربگرین، بەتایبەت کە سەنتەرى پێشکەوتوو و ستاف و پرۆگرامەکانى خوێندن لەم وڵاتەدا تا ئاستێکی بەرچاو پێشکەوتوون.

لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا چەند پرس و بابەتێکى پەیوەست بە پرۆسەى خوێندن و ئاستى گەشەسەندنى پەیوەندییەکان، گفتوگۆى لەبارەوە کرا.