ڕووسیا: ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە سووریا کارێکی ژیرانە نییە

بەشی جیهان- نوێنەری تایبەتی ڕووسیا لە سووریا دەڵێت ئەو هەڵمەتە سەربازییە کە تورکیا بەتەمایە لەدژی کوردەکانی سووریا ئەنجامی بدات کارێکی ژیرانە نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆیتێرز بڵاوی کردەوە ئەلیکساندیر لاڤرنتیڤ نوێنەری تایبەتی ڕووسیا لە سووریا هۆشداری دەدات هێرشی گریمانەکراوەی تورکیا لەدژی کوردەکانی سووریا باکووری سووریا ناسەقامگیرتر دەکات.

ناوبراو کە بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی تاوتوێ کردنی دۆخی سووریا لە کازاخستانە؛ دەڵێت: هەڵمەتی سەربازیی تورکیا گرژییەکان توندتر دەکاتەوە و هەوڵێکی ژیرانە نییە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تاسی ڕووسیا نوێنەری تایبەتی ڕووسیا لە سووریا هەروەها دەڵێت: مۆسکۆ چیدی ژێنێڤ بە شوێنێکی باش بۆ درێژەدان بە گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی سووریا نازانێت.

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی پاشهاتە گریمانەکراوەکانی هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا هۆشداری دابوو.

ئەنقەرە دەڵێت ئەمریکا و ڕووسیا نەیانتوانیوە هێزە کوردەکانی سووریا ناچار بکەن کە لە سنوورەکانی تورکیا دوور بکەونەوە، بۆیە دەبێت خۆیان بە هەڵمەتی سەربازی کوردەکان لەو ناوچانە دەربکەن.

News Code 6210

Your Comment

You are replying to: .
captcha