تورکیا بەبێ ڕەزامەندیی ئەمریکا یا ڕووسیا هێرش ناکاتە سەر تەل ڕەفعەت و مەنبج
بەشی سووریا- سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریا ڕایگەیاند: پێویستە لەم بارودۆخەدا کە کوردستانی سووریا لەژێر مەترسیی داگیرکاریدایە ڕەوتە کوردەکانی سووریا بەدوای چارەسەری کێشەکاندا بن تا ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

فادی مەرعی، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریا و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەڕەشەکانی ئەمدواییەی ئەردۆغان لەبارەی هێرش کردنە سەر کوردستانی سووریا و وتی: تورکیا جیدیە لە هەڕەشەکانیدا و ساڵانی ڕابردوویش نیشانی داوە کە هەڕەشەکانی جێبەجێ دەکات.

ناوبراو درێژی دا: تورکیا تا گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕووسیای بۆ هێرش کردن هەڵنەکرێت، بۆی نییە هێرش بکاتە سەر باکووری سووریا.

سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریا وتیشی: تورکیا بۆ داگیر کردنی عەفرین مۆڵەتی لە ڕووسیا وەرگرت و لەبارەی سەرێکانی و گرێسپی-شەوە ئەمریکا ڕێگەی پێدا بۆیە تا ئەم دوو زلهێزە ڕازی نەبن تورکیا توانای هێرش کردنی بۆسەر تەل ڕەفعەت و مەنبەج نییە.

فادی مەرعی وەبیری هێنایەوە: کوردستانی سووریا هەموو ڕۆژێک لەژێر مەترسیی داگیرکاریی تورکیادایە و لەم بارودۆخەدا پێویستە ڕەوتە کوردەکانی سووریا بەدوای چارەسەری کێشەکاندا بن تا ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.