مەسعوود بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا پێشهاتەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ دەکەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە سەلاحەددین سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە ئالینا رۆمانوسکی، باڵیۆزی تازەی ئەمریکا لە عێراق کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنی کوردستان 24 لەبارەی ئەو کۆبوونەوە ڕایگەیاند لە دیدارەکەدا کە رۆبێرت پالە‌دینۆ، کونسوڵی گشتیی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێریش ئامادەی بوو. بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی باڵیۆزی تازەی ئەمریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری نوێیدا.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون، مەسعوود بارزانی بیروبۆچوونی خۆی لەمەڕ پڕۆسەی سیاسی و چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی عێراق خستەڕوو.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ئەوەشی دووپاتکردەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردن و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.