مەسروور بارزانی: کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا تەنها لەسەر پرسی نەوت و گاز نییە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی له‌ باڵوێزی نوێی له‌ ئه‌مریكا كرد و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵوێزی نوێی ئەمریکا لە عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆبەرت پالەدینۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی ئەو وڵاتە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا لە پێناو بەرەوپێشبردن و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا.

پاشان سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات خستەڕوو، بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەھێزی ئابووری و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، مه‌سروور بارزانی، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان، خاوەن دۆز و مافی نەتەوەیی و دەستووریین و کێشەکان لە گەڵ بەغدا، تەنیا بودجە و نەوت و گاز نیین، بەڵکوو ئێمە هەرێمێکی فیدرالی و دەستوورین و دەبێ بە پێی دەستوور مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت .

باڵوێزی نوێی ئەمریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا و سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی عێراق دووپات کردەوە .

باڵوێزی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی گرنگن لە سیاسەتی ئەمریکا و جەختیشی لە گرنگی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کردەوە کە لە ئاستی داخوازیییەکانی خەڵکی عێراق بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی بکات و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.