عێراق ئیدانەی هێرشی تورکیا بۆسەر شەنگال دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، هێرشەکانی تورکیا لە ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شەنگال پێشێلکارییه‌کی ئاشکرای سه‌روه‌ریی عێراقە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە  راگەیەندراوێکدا ڕۆژی هەینی بڵاوی کردوەتەوە: "به‌ توندترین ده‌سته‌واژه‌کانی ئیدانه‌کردن، ئیدانه‌ی بۆردوومانی تورکیا بۆ سه‌ر باره‌گا حکوومییه‌کان و ماڵی هاوڵاتیان له‌ سنووری ناحیه‌ی سنونێی سه‌ر به‌ قه‌زای شنگالی سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌کەین، ئه‌وە پێشێلکارییه‌کی ئاشکرای سه‌روه‌ریی عێراق و هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی روونی ئه‌منییه‌ بۆ سه‌ر ژیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی".

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ وه‌ک په‌لامارێک بۆ به‌ئامانج گرتنی ئاسایشی عێراق و سه‌قامگیریی گه‌له‌که‌ی ده‌بینین و پێشهاته‌که‌ پێویستیی به‌ هه‌ڵوێستێکی یەکگرتوو هه‌یه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی، لەدوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان رێوشوێنی پەیڕەوکراو دەگرینە بەر".

شایانی باسە سوپای تورکیا له‌ سنووری ناحیه‌ی سنونێی سه‌ر به‌ قه‌زای شنگال بۆردوومانی ئامانجێکیان کرد و له‌ ئاکامدا، چوار هاوڵاتی مردن و حه‌وت که‌سی دیکه‌ برینداربوون.