ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا کوژرانی بەرپرسێکی باڵای خۆی لە بۆردوومانەکەی دوێنی تورکیا ڕاگەیاند

بەشی سووریا- ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ناسنامەی یەکێک لەو کەسانەی کە دوێنێ لە بۆردوومان کردنی ئۆتۆمبێلێکدا لە کەلار گیانی لەدەست دا ئاشکرا کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "دوێنی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کرایە ئامانج، کە بووە هۆی شەهید بوونی فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی سەردانی شاری سلێمانی کردبوو."

ئیدارەی خۆسەر ئەوەشی خستۆتەڕوو "ئەم کارە شەڕانگێزەی تورکیا لە چوارچێوەی بەئامانج کردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و تێکدانی ئەزموونەکانییەتی لەڕێگەی لەناوبردنی بەرنامە بۆداڕێژراوی گەلەکەمانەوە."

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وێڕای ئیدانە کردنی هێرشەکە، داواشی لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە "بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ بگرن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم کردەوە تیرۆریستییە دەرببڕن، هه‌روه‌ها داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌که‌ین، ڕۆڵی خۆیان به‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا بگێڕن، بۆ ڕاگرتنی ئه‌م هێرشانە، که‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌ تێکده‌دات، بەبێ ئەوەی هیچ پاساوێک هەبێت، سه‌روه‌ریی وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ پێشێل ده‌که‌ن و دژایه‌تیی هه‌موو ستاندارد و جاڕنامە‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌که‌ن."

شایانی باسە دوێنێ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە سنووری کەلار ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و بەوهۆیەوە چوار کەس کوژران و کەسێکی تریش برینداربوو.

News Code 6237

Your Comment

You are replying to: .
captcha