بەرهەم ساڵح لەگەڵ شاندێکی خەڵکی شەنگال کۆ بوویەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیی کرد له‌  شاندێکی خەڵکی شەنگال.

کوردپرێس: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (19ی حوزەیرانی 2022) لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە شاندێکی خەڵکی شەنگال بە ئامادەبوونی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لە بارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و ئاستەنگەکانی رووبەڕووی خەڵکی شەنگال دەبێتەوە گفتوگۆ کرا.

بەرهەم ساڵح لە دیدارەکەدا رایگەیاند: "خەڵکی شەنگال بەهۆی توندوتیژی و تیرۆرەوە ئازاری زۆری چەشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە قارەمانێتی زۆرەوە رووبەڕووی نەهامەتی و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان بوونەتەوە"، ھەروەھا جەختیشی کردەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکانی خەڵکی شەنگال و ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە و رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان بە سەربەزی.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق بە توندی سەرکۆنەی هرشی تورکیای بۆسەر شەنگالی کرد و دووپاتیشی کردەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بە بارگرژییە ئەمنییەکانی شارەکە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ئێزدییەکان دەکات، ھاوکات جەختی کردەوە لە گرنگی کارکردن بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی ھێنان بە کێشەی ھەڵپەسێردراوەکان لە رێگەی ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح بەگرنگییەوە باسی لە پێویستی تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و ئیدارییەکان کرد بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئێزدییەکان و کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و رێکخستنی ئیدارەی شارەکە بەپێی خواستی خەڵکی شەنگال و دوورخستنەوەی خەڵک و شارەکە لە ناکۆکییە سیاسییەکان.

News Code 6243

Your Comment

You are replying to: .
captcha