بارزانی لەگەڵ گفتوگۆی لایەنە کوردییەکانی سووریایە
بەشی سووریا- جێگری سەرۆکی شەپێلا ئازادیا کوردستانی (ŞAK) لە سووریا دەڵێت: جەنابی مەسعوود بارزانی لەگەڵ ئەوەیە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد؛ کوردانی سووریا یەکگرتووبن.

دکتۆر «تارق خێرەکی» جێگری سەرۆکی شەپێلا ئازادیا کوردستان (Şepêla Azadî Kurdistan) لە سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە کۆبوونەوەی ڕۆژی ڕابردووی نێوان نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و وتی: لەو کۆبوونەوەدا چەند بابەتێکی گرینگ تاوتوێ کران. یەک لەو بابەتگەلە دۆخی سووریا و ڕێگای دەربازبوونی کوردەکان بوو لە بنبەستی هەنووکەیی سووریا.

ناوبراو زیادی کرد: "جەنابی بارزانی لەو کۆبوونەوەدا ڕایگەیاندووە کۆچی کوردەکان لە کوردستانی سووریا پرسێکی دژوارە و پێویستە گەلی کورد لە زێدی خۆی بمێنێتەوە".

تارق خێرەکی درێژەی دا: "جەنابی بارزانی جەختی لە گفتوگۆی کوردی-کوردی کردووە و لەو بڕوایەدایە کە دەبێت گفتوگۆکان درێژەیان ببێت و لە خزمەتی پرسی نەتەوەیی کوردانی سووریا ببێت".

شایانی باسە ڕۆژی ڕابردوو نوێنەرانی ئەنەکەسە کە لە حزبە کوردییەکانی سەر بە پارتی پێکهاتوون لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کۆ بوونەوە.

لەو دیدارەدا ئاماژە درا بە دۆخی سووریا و ڕۆڵی کوردەکان لە هاوکێشەکانی ئەو وڵاتە. بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بڕیار وایە ئەگەر ئیدارەی خۆسەر ڕێگە بدان، کۆنگرەی داهاتووی ئەم ڕەوتە لە کوردستانی سووریا بەڕێوە بچێت.