تیرۆر کردنی فەرهاد شبلی نیشاندەری لاوازیی حکوومەتی تورکیایە/ بەرپرسانی کورد و عێراقی دەبێت هەڵویست بنوێنن
بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: تورکیا ناتوانێت لە ڕێگای تیرۆر کردنی بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەرەوە ئیرادەی کوردانی سووریا لەناوبەرێت.

هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە تیرۆری فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن درۆنێکی تورکیاوە لە کەلاری هەرێمی کوردستان و وتی: ئەم تیرۆرە پرسیاری جیدی زۆر دێنێتە ئاراوە کە ئەم ڕووداوە بە چ شێوەیەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویداوە و سەروەریی خاکی ئەم وڵاتەی پێشێل کردووە و بەرپرسانی کورد و عێراقی لەمبارەوە بێدەنگن.

ناوبراو ڕاشیگەیاند دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی هەمە لایەنە لەبارەی ئەم تیرۆرەوە دەبێت دەست پێبکات و جەختیشی کردەوە کە ئەم بابەتە دەریخست کە نە عێراق و نەک هەرێمی کوردستان هیچ کونترۆڵێکیان بەسەر ئاسمان و زەمینی خۆیاندا نییە و وڵاتانێکی دیکە عێراق بەڕێوەدەبەن.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان زیادی کرد: بەرپرسانی عێراقی و کورد دەبێت لەمبارەوە هەڵویستیان ببێت و بەرپرسیارێتیی ئەم ڕووداوە لە ئەستۆ بگرن.

هۆشەنگ دروێش ڕاشیگەیاند: ئەم هەڵمەتە هەڕەشە کردنە لە دژی ئیدارەی خۆسەر و ئامانجی تورکیا زەبرلێدانە لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لە کوردستانی سووریا. ئامانجی ئەوان سڕینەوەی ئیرادەی کوردانی سووریایە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: تیرۆر کردنی فەرها شبلی نیشاندەری شکست هێنانی حکوومەتی تورکیایە. تورکیا لە شەنگالەوە تا تەلتەمەر دەکاتە ئامانج بەڵام بەڕاستی ناتوانێت ئیرادەی گەلی سووریا تێکبشکێنێت.