مەلا بەختیار: لە عێراق ئەو هێز و لایەنە دوا بڕیار دەدات کە پشتیوانیی هەرێمایەتیی زۆرتر بێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنى باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتى باس لەوە دەکات کە لە عێراق کێ‌ پشتیوانی هەرێمایەتی زۆرترە ئەو لایەنە دەتوانن دوا بڕیار بدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنى باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتى لەمیانى پێشوازی کردنى لە باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عێراق سەبارەت بە دۆخی عێراق رایگەیاندوە: "هیچ ئومێدێکم نییە کێشە بنەڕەتییەکانی عیراق، کێشەی نێوان شیعە و سوننە، شیعە و شیعە لەنێوان خۆیاندا، کورد و شیعە و سوننە، لەم چەند ساڵانەدا چارەسەر بکرێت، لەبەرئەوەی فاکتەری پاسیفیزم، زۆر زاڵترە بەسەر فاکتەری پۆزەتیزم لە سیاسەتدا. ئەمەش هەڕەشە و مەترسییە بەردەوامەکەیە. بۆیە تەنها چارەسەری کاتی لە عێراقدا بوونی هەیە، نەک چارەسەری بنەڕەتی".

لەبارەى رۆڵ و کاریگەرى ئێران لەسەر دۆخى عێراق مەلا بەختیار ئاماژەى بەوە کردوە، رۆڵی ئێران زۆر گرنگە و هەموو ئەو پرۆسەیەی لەدوای هەڵبژاردن و لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران گیریخواردووە، لەپشتی پەردە، کاریگەرترین هێز ئێرانە!

هەروەها دەشڵێت: "ئەو هێزانەی لەگەڵ ئێران نەبوون، زۆرینەی پەرلەمانیان هەبوو، بەڵام نەیانتوانی حکوومەت پێکبهێنن (صەدرییەکان، سوننەکان، پارتییەکان). ئەمەش بۆ؟ لەبەرئەوەی ئەم وڵاتە دیموکراسی نییە و بەزۆرینە و کەمینە نییە! بەڵکوو کێ‌ پشتیوانی هەرێمایەتی زۆرترە، ئەو لایەن و هێزانە دەتوانن دوا بڕیار بدەن".

سەبارەت بە پێکهێنانى حکوومەتی نویی عێراقیش ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتى روونیکردەوە، لەئێستادا یان دەبێ‌ پارتی و سوننە، لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێکبکەون، کە ئەم رێککەوتنەش روونادات ئەگەر یەکێتی سەرۆک کۆمار نەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر سەرۆک کۆمار گۆڕا، ئەوا پارتی رێککدەکەوێت، کە پارتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوت، ئەوا سوننەکانیش رێکدەکەون.

ناوبراو هەر لە قسەکانیدا لەبارەى حکوومەتی عێراقەوە، باسى لەوە کرد، ئەگەر پارتی و سوننەکان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێکنەکەون و سەرۆک کۆمار نەگۆڕدرێت، چی روودەدات، لەم ئەگەرەشدا، خۆپیشاندانی گەورە دەستپێدەکات، هەر کاتێکیش خۆپیشاندان دەستپێکرد، ئەوا ئەگەری شەڕی ئەهلیش دێتە پێشەوە!