ئەمریکا و ڕووسیا مۆڵەتی هێرشی دووبارەیان بە تورکیا نەدا
بەشی سووریا- سیاسەتوانێکی کوردی سووریا ڕایگەیاند تورکیا مۆڵەتی هێرشی دووبارەی بۆسەر کوردستانی سووریا وەرنەگرت بەڵام ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت واز لە داگیرکاری ناهێنێت.

گەلۆ عیسا ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا تورکیا لە بڕیاری هێرش کردنە سەر کوردستانی سووریا پاشگەز بووەتەوە؛ ڕایگەیاند: تورکیا جیدی بوو لە هەڕەشەکانیدا و هەر کات دەرفەتی بۆ بڕەخسێت واز لە داگیرکاری ناهێنێت، بەڵام ئەمجارەیان نەیتوانی ڕەزامەندیی زلهێزەکان بۆ هێرش کردن بەدەست بێنێت.

ناوبراو درێژەی دا: تورکیا پاش داگیر کردنی گرێ سپی و سەرێکانی لە ساڵی 2019دا گرێبەستێکی ئاگربەستی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا واژۆ کرد و ئێستا ئەم وڵاتە هەر بەپێی ئەو گرێبەستە مۆڵەتی هێرشێکی دیکەی بەدەست نەهێناوە.

گەلۆ عیسا زیادی کرد: ئێمە بڕوامان وایە هەرکات کە دەرفەتەکە گونجاو بێت تورکیا پەلاماری کوردستانی سووریا دەداتەوە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وتیشی: لەم نێوانەشدا زلهێزەکان دەبێت ئاگربەست گەرەنتی بکەن و مۆڵەت بە تورکیا نەدەن شەڕێکی دیکە بنێتەوە چوونکە زەبرێکی زۆر لە ناوچەکە دەدات.

ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) وەبیری هێنایەوە: هێرشی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا داعش چالاک دەکاتەوە و ئەو سەقامگیریە ئێستا هەیە لەناو دەچێت.

ناوبراو زیادیشی کرد: هێرشی تورکیا بۆسەر سووریا پێشێل کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و زلهێزەکان دەبێت ڕێگر بن لە ڕەفتارە هێرشبەرانەکانی تورکیا.