گەڕانەوەی هەڕەشەئامێزی داعش بۆ ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ژمارەیێک لە میدیا و ناوەندە چاودێڕەکانی دۆخی سووریا، گرووپی تیرۆریستیی داعش جارێکی تر دەستی بە هەوڵە هێرشبەرانەکانی خۆی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردۆتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاپۆرتی ژمارەیێک لە ناوەندەکانی چاودێڕی کردنی دۆخی کوردستانی سووریا و سووریا بەگشتی؛ باس لە زیاتر بوونی جموجووڵەکانی داعش و پەلامارە کوشندەکانیان دەکان بۆسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لەلایەن کوردەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت.

گڵۆباڵ هەپنینگ و ئانسامیدیا لە ڕاپۆرتێکدا باس لە هێرشە کوشندەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش دەکان بۆسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە کوردییەکان ئەوەش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

ڕوانگەی  مافی مرۆڤ لە سووریاش ئیدیعا دەکات کە پاش زیاتر بوونی جموجووڵەکانی داعش هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاویان بۆ دەستگیر کردنی ئەندامانی داعش لە دەیرەزووری سووریا ئەنجام داوە.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لەدژی داعش، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە کوردیەکانی سووریا ئەنجام دراوە.