بە ئەندام بوونی فینلاند و سوید لە ناتۆ کاریگەریی لەسەر دۆخی کورد نابێت
بەشی سووریا- ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەندامێتیی سوید و فینلاند لە ناتۆ پرسێکی سیاسیە و زیاتر ڕێگری دەکات لە ئامادەبوونی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا تاکوو ئەوەی کاریگەریی لەسەر پرسی سووریا ببێت.

فەتحۆڵڵا حسێنی ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە چلۆن هاوکات بوونی ڕەزامەندیی تورکیا بۆ بە ئەندام بوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ لەگەڵ هەڕەشەی دووبارەی ئەردۆغان بۆ هێرش کردنە سەر کوردستانی سووریا، هەڵدەسەنگێنن وتی: مەترسیی تورکیا پرسێکە کە نکولی لێناکرێت و ئەو وڵاتە هەموو ڕۆژێک باکووری سووریا بۆردوومان دەکات و ئێمە لە ئامادەباشی تەواوداین.

ناوبراو درێژەی دا تورکیا زۆر بە قورسی تەلڕەفعەت و مەنبج بۆردوومان دەکات و ساڵانێکە کە شەڕی دەست پێکردووە نەک ئەوەی کە ئێستا بیەوێت شەر دەست پێبکات.

فەتحۆڵڵا حسێنی  زیاتر وتی: هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ هاوپەیمانی دژبە داعش هاوکاری دەکات نەک لەگەڵ ناتۆ؛ لەم هاوپەیمانیەشدا 72 وڵات بوونیان هەیە و ڕەزامەندیی تورکیا بۆ بە ئەندام بوونی فینلاند و سوید کاریگەریی لەسەر ئەرزی واقیع لە سووریا نابێت.

ئەم سیاسەتوانە کوردە ئاماژەی دا بە پرسی ئەندامێتیی ئەم دوو وڵاتە لە پەیمانی ئەتلانتیکی باکووری (ناتۆ) و شەر خوازیەکانی تورکیا لە باکووری سووریا و وتی: بە ئەندام بوونی سوید و فینلاند لەو پەیمانەدا پرسێکی سیاسییە و زیاتر ڕێگری لە ئامادەبوونی ڕووسیا لە ڕۆهەڵاتی ئەورووپا دەکات تا ئەوەی کە کاریگەری بکاتە سەر ڕووداوەکانی سووریا.

حسێنی وەبیری هێنایەوە: پێویستە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ڕووبەڕووی پاوانخوازییەکانی ئەردۆغان ببێتەوە و بە توندی وەڵامی بداتەوە و هەروەها هەر کارەساتێکی مرۆیی کە تورکیا دەبێتە هۆکاری دەبێت وەڵامی بداتەوە.

ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: بەڕای من تورکیا توانای دەست پێکردنی شەڕێکی بەربڵاوی دیکەی نییە و ئەگەر ئۆپەراسیۆنێک دەست پێبکات زۆر بەرتەسک دەبێت و نە ناوچەکە و نە جیهان ئامادەی ڕوودانی گۆڕانکاریەکی دیکە نین.