سێهەمین کۆمپانیای نەوتیی ئەمریکا کشانەوەی خۆی لە هەرێمی کردستان ڕاگەیاند
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوتی ئەمریکی (هالیبێرتۆن) وەکوو سێهەمین کۆمپانیای بیانیی کشانەوەی خۆی لە پڕۆژە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی سپی میدیا بڵاوی کردەوە کۆمپانیای (هالیبێرتۆن) لە نامەیەکدا کە دوێنێ نووسراوە و ئاراستەی وەزیری نەوتی عێراق کراوە رایگەیاندووە: "خۆمان لە گرێبەستی نوێ یان بەشداریکردن لە تەندەرەکانی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان بە بێ رەزامەندی بەغدا بەدوور دەگرین.

نامەکەی هالیبێرتۆن لە وەڵامی کۆمەڵێک نامەی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق و کۆمپانیای نەوتی بەسرە هاتووە کە رێنمایی "هەموو بەڵێندەرە سەرەکییەکان و بەڵێندەرە لاوەکییەکان" دەکەن بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لە ماوەی سێ مانگدا ئەگەرنا لەلایەن بەغداوە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە.

لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە دژی کەرتی وزەی هەرێم، وەزارەتی نەوت کۆمپانیا نەوتییەکانی لە هەرێم ئاگادارکردەوە کە پابەندی بڕیارەکە بن و لە كار كردن لە هەرێم بكشێنەوە.