واشنتۆن داوا دەکات هەرێم و بەغدا لەسەر پرسى نەوت گفتوگۆ بکەن
بەشی جیهان- ئه‌مریكا داوای له‌ هەردوو حکوومەتى عێراق و هەرێمى كوردستان كرد، دانوستان له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ نه‌وت بكه‌ن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وتەبێژێکى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵى ئەلحورە-ی ئەمەریکى راگەیاندووە: "پێویستە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کە جێگەى رەزامەندى هەردووى بێت لەسەر دۆسیەی نەوت و دوورکەوتنەوە لە گرتنەبەری هەنگاوەکان کە گرژییەکان هەڵبگیرسێنێت".  
وتیشى "نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) راسپێردراوە بۆ یارمەتیدانی لایەنەكان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و هەردوو حکوومەت دەتوانن سوود لە هاوکارییەکانى یۆنامى وەربگرن لەو بارەیەوە".  
شایانی باسە لەدواى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵیی عێراقەوە لەسەر "نایاسایی" بوونى دۆسیەى نەوتى هەرێم، پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا ئاڵۆزى بەخۆوە بینیوە و تا ئێستاش بەردەوامە.