هەڵوێستی سوید بەرامبەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەگۆڕاوە
بەشی جیهان- نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی سووریا لە سوید رایدەگەیەنێت،  هەڵوێستی سوید بەرامبەر بە  كوردستانی سووریا وەک خۆی دەمێنێتەوە و گۆڕانکاریی بەسەردانایەت.

کوردپرێس: بەگوێرەی ئاژانسی "نۆرس پرێس"ی نزیک لە ئیدارەی خۆسەر، شیار عەلی نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی كوردستانی سووریا لە سوید رایگەیاندووە کە دانیشتن و دیدارەکانیان لەگەڵ چەندین لایەنی سیاسیی سویدی بەردەوامە، رۆژی هەینیش لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی سوید كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی دوایین ڕێكه‌وتنه‌كانیان لەگەڵ توركیا.

لای خۆشییەوە حەسەن محەمەد عەلی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو کە ئەوان لەگەڵ حکوومەتەکانی فینلاند و سوید لەپەیوەندیدان بۆ تێگەیشتن لە واقیعی ڕێککەوتنی ئەم دوایه‌یان لەگەڵ تورکیا.

عەلی لە سه‌ر زاری بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتداری سوید گواستوویەتیەیوە کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بە پێی ئارەزووەکانی خۆی سەیری سیاسەتی سوید لە سووریا دەکات.

راشیگەیاندووە کە ئەردۆغان چەندین جار هەوڵی داوە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەكێتی دیموكرات لە سووریا (پەیەدە) بخاتە نێو لیستی تیرۆری نێودەوڵەتییەوە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی داوە رەزامەندیی نێودەوڵەتی وەربگرێت بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی له ‌كوردستانی سووریا، بەڵام بەدەستی نەهێناوە.

ئەو بەرپرسەی کوردستانی سووریا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووە کە سوید وڵاتێكه‌ كه‌ میراتێكی مرۆیی هه‌یه‌ و پشتیوانی له‌ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات له‌ جیهاندا، هه‌روه‌ها ئاسان نییه‌ ئەو وڵاتە له‌سه‌ر داوای ئه‌ردۆغان واز له‌ هەڵوێستی خۆی بهێنێت