ئەگەر کورد پێکەوە ڕێکنەکەوێت، پەرلەمان سەرۆک کۆماری عێراق هەڵدەبژێرێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: زۆرینە حزبە سیاسییەکان لەسەر ئەمە ڕێککەوتوون کە ئەگەر کوردەکان لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق نەگەنە ڕێککەوتن، سەرۆک کۆمار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دیاری دەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەناڵی تەلەفزیۆنیی «الاتجاە» بڵاوی کردەوە، غیاس سوورچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکرات پێش کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژرادنی کاندیدی سەرۆک کۆمار کۆبوونەتەوە بەڵام پاش کشانەوەی ڕەوتی سەدر گفتوگۆکان ڕاگیراون.

سوورچی وەبیری هێنایەوە: بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیان کردۆتەوە کە ئێستاش سوورن لەسەر ڕێبەر ئەحمەد وەکووە کاندیدی حزبەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و ئەگەر لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم پرسە نەدۆزرێتەوە سەرۆک کۆمار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەست نیشان دەکرێت.