هێرشە مووشەکییەکانی سەر کۆرمۆر لە ناو خاکى هەرێمەوە ئەنجام دراوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لیژنەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی سێ هێرشی مووشەکی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە نزیک ناحیەی قادر کەرەم راگەیاند.

کوردپرێس:

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە 30ی حوزەیرانی 2022، "هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دراون، لە پشت شوێنى جێگیربوونى لیوای 16ی هێزەکانی پێشمەرگەوە".

ئاماژە بەوەش کراوە، بە پێی شیکاریی ئەو چاڵانەى لە ئەنجامی هێرشەکانەوە دروست بوون، دەرکەوت کە هەموو ئەو مووشەکانەی ئاراستەی کۆرمۆر کراون لە یەک ئاراستەوە هاتوون، واتە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا.

هەربەپێی ئەنجامەکە، نزیکترین خاڵی کەوتنی مووشەکەکان نزیکەی 29 بۆ 30 کیلۆمەتر لە هێزەکانی حکوومەتی فیدراڵەوە دوورە، هەروەها بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی فیدراڵی و پێشمەرگە نزیکەی 9 بۆ 10 کیلۆمەترە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە کۆرمۆر بە سێ بەشی ئەمنی دەورە دراوە، بازنەی یەکەم و دووەم کۆمپانیای ئەمنی تایبەتن، سێیەمیشیان لە ئەستۆی هێزی پێشمەرگەیە.

کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی غازە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات لەگەڵ دابین کردنی پێداویستی غازی ماڵ و چێشتخانەکان.