ئایا تورکیا لە هێرش کردنەسەر کوردەکانی سووریا پاشگەز بۆتەوە؟
بەشی جیهان- ژمارەیێک لە سەرچاوە سەربازییەکان و شرۆڤەکارانی پرسی تورکیا بڕوایان وایە کە بە ئاوڕدانەوە لە دژایەتیی ئاشکرای ڕووسیا و ئەمریکا لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لەدژی کوردانی سووریا؛ بەدووری دەزانن کە ئۆپەراسیۆنێک بەم زووانە ئەنجام بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لەسەر ئەنجامدانی سێهەمین ئۆپەرایسۆنی سەربازی لە دژی کوردەکانی سووریا مکووڕ بوو، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر پەلەی نییە. گۆڤاری میدل ئیست ئای دەڵێت ئەم وتانە نیشانەی هەڵوەشاندنەوەی ئەوە ئۆپەراسیۆنەیە کە ئەردۆغان چەند مانگە باسی لێوە دەکات.

ئەم وتانەی ئەردۆغان چەندین کاردانەوەی لێکەوتەوە. ژمارەیێک لە شرۆڤەکاران بڕوایان وایە ڕووسیا وەکوو هاوپەیمانی تورکیا لە سووریا ڕێگری کردووە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژ کوردەکانی سووریا.

ئۆیتون ئورهان، هەماهەنگکەری توێژینەوەکانی سووریا لە ئەنستیتۆ ئورسامی تورکیا، لەمبارەوە بە ڕۆژنامەی ئینگلیزی زمانی عەرەب نیوزی وتووە: پشتگیری نەکردنی ڕووسیا لە تورکیا هۆکاری سەرەکیی بەڕێوەنەچوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنقەرە لە دژی کوردەکانی سووریا بوو.

ناوبراو لەبارەی هۆکاری دژایەتیی ڕووسیا لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەو ئۆپەراسیۆنە زیادی کرد: ئەنقەرە بەنیاز بوو سەرقاڵ بوونی جیهان بە ڕووداوەکانی ئۆکراینا بقۆزێتەوە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی کوردەکان ئەنجام بدات؛ بەڵام ڕووسیا نایەوێت بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا پێگەی خۆی لە دوو بەرەی ئۆکراین سووریا لاواز بکات، بۆیە دژایەتی کرد.

ئۆیتون ئورهان جەختی کردەوە بە ئاوڕدانەوە لەم نیشاندەرانە، بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاوی تورکیا لە ناوچەکەدا چاوەڕوانکراو نییە و ئەم وڵاتە تەنها ژمارەیێک لە بنکەی هێزە کوردەکان دەکاتە ئامانج.