ناتۆ دەتوانێت کوردەکان و تورکیا ئاشت بکاتەوە/زلهێزەکان گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵ نەکەن
بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا دەڵێت: جیهان دەبێت بزانێت ئێمە ئەمڕۆ لە بەرەکانی شەڕی تیرۆریزمداین و ڕەفتارەکانی تورکیا لە باکووری سووریا ڕێگا بۆ گەڕانەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستیەکان خۆش دەکات.

کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا پاش ڕەزامەندیی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ ئەگەری پەلاماری کوردستانی سووریا لەلایەن ئەو وڵاتەوە هەیە یان نا، ڕایگەیاند: ئەم بابەتە بۆ ڕۆژاوا مایەی شەرمەساریە و بونیانی دیموکراتیکی ئەوان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تورکیا نەک هەر لە سوید و فینلاند بەڵکوو دەیەوێت بە گوشار خستنەسەر ئەمریکا و ڕووسیا و ناتۆ و وڵاتانی دیکەیش مۆڵەتی هێرش کردن و داگیر کردنی بەشێکی دیکەی خاکی کوردستانی سووریا بەدەست بێنێت

ناوبراو درێژەی دا: تورکیا نە ڕێز لە سەروەریی خاکی سووریا دەگرێت و نە پێبەندی ڕێککەوتنامەی ئاگربەستە لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر باکووری سووریا و لە هەڕ ڕێگایەکەوە دەیهەوێت دەستبکاتەوە بە داگیرکاری.

کەنعۆ وەبیری ههێنایەوە: ئامانجی تورکیا یەک شتە و ئەوەش ڕوونە. تورکیا نایەوێت بوونی ناوچەیەکی کوردی دیموکراتیک قبووڵ بکات و هەوڵ دەدا لەناوی بەرێت.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لەبارەی چالاکبوونەوەی شانە نووستووەکانی داعش پاش گرژیەکان لەگەڵ تورکیا لە باکووری سووریا وتی: هێرشی تورکیا مۆتۆری شانە نووستووەکانی داعش هەڵ دەکاتەوە. جیهان دەبێت بزانێت ئێمە ئەمڕۆ لە بەرەکانی شەڕی تیرۆریزمداین و ڕەفتارەکانی تورکیا لە باکووری سووریا ڕێگا بۆ گەڕانەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستیەکان خۆش دەکات.

ئەم سیاسەتوانە کوردەی سووریا ئەمەشی ڕاگەیاند کە نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز دەبێت هەڵویستێکی ڕاشکاوانەیان لەبەرامبەر پاوانخوازیی تورکیا ببێت و جەختیشی کردەوە: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و زلهێزەکان مۆڵەت بە تورکیا نەدەن جارێکی دیکە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی سەردان هەزار هاووڵاتیی سووریا. زلهێزەکان نابێت گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵ بکەن چوونکە کارەساتی مرۆیی ڕوودەدات.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: پێویستە ناوچەی دژەفڕین لە باکووری سووریا ڕابگەیێندرێت تاکوو ئەردۆغان و تورکیا ڕابگیردرێن.

کەنعۆ وتیشی ناتۆ دەتوانێت یارمەتی بە چارەسەریی پرسی باکووری سووریا بدات و ڕاشیگەیاند: ناتۆ دەتوانێت یارمەتی کورد بدات بۆ شەڕی تیرۆر لە سووریا و ئاشتی بخاتە نێوان کوردەکان و تورکیا.