کوردانی سووریا مەترسیی پاکتاوکردنی نەتەوەیی بەربڵاویان لەسەرە
بەشی جیهان- پاتریک کۆکبێرن هۆشداری دا کە لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لەلایەن تورکیاوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، پرۆسەی پاکتاوکردنی نەتەوەیی دوو ملیۆن کوردی سووریا کۆتایی دێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاتریک کۆکبێرن، شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاپۆرتێکدا کە لە گۆڤاری ئاینیوزی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، هۆشداری داوە لە دەرئەنجامە سەرەکییەکانی ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردانی سووریا.

ناوبراو کە لە راپۆرتەکەیدا ژیانی بنەماڵەیەکی کوردی سووریای وێنا کردووە، دەڵێت ئامانجی سەرەکیی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دەرکردنی هەموو ئەو کوردانەیە کە لە باکووری سووریا دەژین.

کۆکبێرن کە تا ئێستا ٩ کتێبی لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر، لەوان لەبارەی داعش نووسیوە و یەکێک لە کتێبەکانی بووەتە پڕفرۆشترین، زیاتربوونی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا بە دەرئەنجامی قەیرانی ئۆکرانیا دەزانێت.

ناوبراو ڕاشیگەیاند هەموو ئەو شارە کوردنشینانەی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون بوونەتە ئامانجی پاکتاوی نەتەوەیی و هۆشداری دا کە ئەگەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی ئەنقەرە بەڕێوەبچێت لەوانەیە دوو ملیۆن کوردی دانیشتووی سووریا لەم وڵاتە دەربکرێن.