سوید لەبارەی ڕادەست کردنەوەی کوردەکان بە تورکیا هەڵویستێکی ناڕوونی هەیە

بەشی جیهان- سەرۆک وەزیرانی سوید لە وەڵامی ئەو کوردانەی کە نیگەرانن لە دیپۆرتکردنەوەیان لە سوید و ڕادەستکردنەوەیان بە تورکیا، دەڵێت ئەگەر ئێوە لە چالاکییە تیرۆریستییەکاندا تێوەنەگلاون نابێت نیگەران بن.

بەپێی هەوراڵی كوردپرێس، هەردوو وڵاتی فینلاند و سوید، لەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی كە رۆژی سێشەممەی رابردوو لەگەڵ توركیا واژۆیان كرد، بەڵێنیان بە ئەنقەرە داوە كە لەبەرامبەر ئەوەیدا کە تورکیا مافی ڤیتۆ لە پرسی ئەندامێتی ئەم دوو وڵاتە لە ناتۆ بەكارنەهێنێت، ئەوان هه‌وڵ دەدەن نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا له‌بارەی چالاکیی کوردەکان له‌ وڵاته‌کەیاندا که‌م بکه‌نه‌وه‌.

تورکیا پێی وایە بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد کە لە سوید دەژین، سەر بە پەکەکەن و تیرۆریستن. ئەنقەرە داوای لەم دوو وڵاتە کردووە کە ٧٣ هاووڵاتی کورد کە تۆمەتبارن بە چالاکی تیرۆریستی لە وڵاتەکەیان دیپۆرت بکەنەوە و ڕادەستی ئەنقەرەیان بکەنەوە.

تورکیا هەڕەشەی کردووە، ئەگەر سوید و فینلان بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکەن، ئەوا ڕێگاکان کراوەیە و دەتوانێت ڕێگری بکات لە بەئەندامبوونیان لە ناتۆ.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی عەرەب نیووز، ماگدالینا ئەندەرسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید، لە وتارەکەی دوێنێدا، ڕەتیکردەوە بە ڕوونی هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە داواکارییەکەی تورکیا لەبارەی تۆمەتبارە کوردەکان بخاتەڕوو. ناوبراو وتی سوید هێشتا ڕێز لە یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان دەگرێت، ڕادەستکردنەوەی هیچ کام لە هاووڵاتییە فەرمییەکانی سوید ڕوونادات و بڕیار لەم جۆرە حاڵەتانەدا بە دەست دەسەڵات و دادگا سەربەخۆکانەوەیە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا هاوپەیوەند بە نیگەرانیی بەشێک لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی سوید، جارێکی دیکە وتی: ئەگەر ئێوە دەستتان لە چالاکییە تیرۆریستییەکاندا نەبووبێت چیدی پێویست ناکات نیگەران بن.

News Code 6334

Your Comment

You are replying to: .
captcha