وەزیری دادی فینلاند دڵنیایی دەداتە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتەکەی

بەشی جیهان- وەزیری دادی فینلاند کوردانی دانیشتووی وڵاتەکەی کردە بەردەنگ کرد و وتی: کوردانی دانیشتووی فینلاند دەتوانن متمانەیان هەبێت بە شێوازی مامەڵەکردنی ئەم وڵاتە لەگەڵ پرسی داوای ڕادەستکردنەوەیان لەلایەن تورکیاوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئانا مایا هێنریکسۆن وەزیری دادی فینلاند، دڵنیایی داوەتە کۆمەڵگای کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە، کە بەبۆنەی ڕەزامەندیی تورکیا بۆ پەیوەستبوونی فینلاند بە ناتۆ، یاساکانی وڵاتەکەی ناگۆڕدرێن، هەروەها نابێت کورد نیگەران بێت لە رادەستکردنەوەی بە تورکیا.

سێشەممەی ڕابردوو، بەرپرسانی باڵای سوید و فینلاند یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە پێویستی گرنگیدان بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا سەبارەت بە چالاکی کوردەکان لە وڵاتەکانیان و هەروەها ڕادەستکردنەوەی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە تۆمەتبارن بە چالاکیی تیرۆریستی لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای تورکیا واژۆ کرد، ئەوەش لەبەرامبەر دەنگی ئەنقەرە بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ.

ئێستا بە هۆی ئەوەی کە لەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەدا لەلایەن ئەم دوو وڵاتەوە باس لە پرسی ڕادەستکردنەوەی تۆمەتبارە کوردەکان بە تورکیا کراوە، پرسەکە بووەتە هۆی نیگەرانیی کوردانی دانیشتووی فینلاند و سوید.

بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی هێڵسینکی تایمز، ئانا مایا هێنریکسۆن وەزیری دادی فینلاند لە گفتوگۆ لەگەڵ رۆژنامەی هێڵسینگین سانۆمات جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت داواکاریی رادەستکردنەوە لەلایەن تورکیاوە ببێتە جێگەی نیگەرانی کوردەکان.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە تەنیا بە پشت بەستن بە یاساکانی ئێستا و ئەو رێککەوتننامەی رادەستکردنەوە کە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا پەسەند کراوە، لەگەڵ تورکیادا کارلێک بکات و بڕیار نییە ستاندارد و یاساکانی فینلاند بگۆڕێت بۆ ئەوەی تورکیا ڕازی بکات.

وەزیری دادی فینلاند کوردەکانی کردە بەردەنگ و دەشڵێت: دەمەوێت بە کوردانی فینلاند بڵێم کە دەتوانن متمانەیان بە شێوازی مامەڵەکردنی حکوومەت هەبێت لەگەڵ داواکارییەکانی ڕادەستکردنەوەیان.

به‌ڵام به‌رپرسانی باڵای سوید هه‌ڵوێستێکی جیاوازیان له‌مبارەوە هه‌بووه‌. سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته‌ بۆ 100000 هاووڵاتی کوردی دانیشتووی سوید وتی: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ چالاکییه‌ تیرۆریستییه‌کاندا تێوەنەگلاون نابێت خه‌می ڕاده‌ستکردنه‌وه‌تان هەبێت.

News Code 6337

Your Comment

You are replying to: .
captcha