چانسی هاووڵاتیەکی بەڕەچەڵەک کورد بۆ بەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەرز بووەتەوە

بەشی جیهان- بەشێک لە میدیاکانی بەریتانیا ئاماژە بە دەستبەکاربوونی نەدیم زەهاوی هاووڵاتیی کوردی عێراق دەکەن لە پۆستە گرنگەکان و سەرکەوتووبوونی لەو پۆستانەدا، بڕوایان وایە لەگەڵ رۆیشتنی دوو وەزیری حکوومەتی بۆریس جۆنسن لە کابینەی حکوومەت هەروەها دەست بەکار بوونی ناوبراو وەکوو وەزیری دارایی و درێژەی گوشارەکان بۆ دەست لەکار کێشانەوەی بۆریس جۆنسن چانسی ئەم هاووڵاتییە بەڕەچەڵەک کوردە بۆ بەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەرز بووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەدیم زەهاوی یەکێکە لەو سیاسەتمەدارانە بە ڕەچەڵەک کوردە لە حکوومەتی بەریتانیا کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە سێ پۆستی وەزیری بەرپرس بۆ کوتان لە دژی کۆرۆنا، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی بەدەستەوە بووە. بەشێک لە میدیاکانی بەریتانیا ئەدای ئەو لە ماوەی پەتای کۆرۆنادا وەک کەسی بەرپرسی ڤاکسینە کردن بە سەرکەوتوو وەسف دەکەن.

نەدیم زەهاوی لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام لە عێراق لە تەمەنی ١١ ساڵیدا بەغدای بەجێهێشت و لەگەڵ بنەماڵەکەیدا چووەتە بەریتانیا، هەمیشە ئەندامێکی چالاکی حیزبی موحافیزەکاری ئەو وڵاتە بووە.

رۆژی سێشەممە بەبۆنەی دەستبەکاربوونی زەهاوی لە پۆستی وەزیری دارایی بەریتانیا، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز باسی لە چالاکییە سیاسییەکانی ناوبراو کردووە.

ئه‌و پۆسته‌ى نه‌دیم زەهاوی بۆى ده‌ستنیشانكراوه‌، بەوەزیری تاج دەناسرێت‌ و سێیەم بەهێزترین پۆستە لە شانشینی بەریتانیادا لەدوای سەرۆک وەزیران‌ و جێگرەکەی.

نەدیم زەهاوی لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆمپانیایYou Gov ی دامەزراند کە بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم کۆمپانیایە بووە و کۆمپانیاکەشی کردووە بە یەکێک لە کۆمپانیا سەرکەوتووەکانی بەریتانیا.

زەهاوی دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک وەک ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا کاری کردووە، لە ساڵی ٢٠١٠وە ڕۆڵێکی گرنگی لە کەرتی دارایی و دەرەوەی حکوومەتی بەریتانیادا هەبووە.

لە ساڵی 2020دا زەهاوی وەک وەزیری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەستنیشان کرا، بۆریس جۆنسۆن لە ساڵی ٢٠٢١ وەک وەزیری پەروەردە هێنایە کابینەکەی. دوێنێ زەهاوی لەلایەن جۆنسۆنەوە وەک وەزیری دارایی بەریتانیا هەڵبژێردرا.

بەشێک لە میدیاکانی بەریتانیا وەک سکای نیوز و گاردیان، زەهاوی بە یەکێک لە سەرکەوتووترین ئەندامانی کابینەی ئێستای بەریتانیا دەزانن و بە دووری نازانن زەهاوی وەکوو سەرۆکوەزیرانی داهاتووی بەریتانیا هەڵبژێردرێت.

ئەم میدیایانە بە تایبەت گاردیان زەهاوی بە کەسێکی بەهێز و سەرکەوتوو دەزانن و پێیان وایە ئەگەر گوشارەکان لەسەر جۆنسۆن بەردەوام بێت بۆ دەستلەکارکێشانەوە، نەدیم زەهاوی دەتوانێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی بەریتانیا.

زەهاوی بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین سیاسەتمەدارانی بەریتانیا دادەنرێت و لێکۆڵینەوەش لەسەر سەرچاوەی سامانەکەی کراوە.

شایانی باسە ماوەیەکە ئەم هاوڵاتیە بە ڕەچەڵەک کوردە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان چالاکە.

News Code 6353

Your Comment

You are replying to: .
captcha