مەلا بەختیار: کاندیدەکەی یەکێتیی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، تەنها بژاردەی چوارچێوەی هەماهەنگی نییە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت کاندیدەکەی یەکێتیی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، تەنها بژاردەی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار لە نووسینێکدا دەڵێت: ئێستا کە بەرە سێقۆڵیەکەی سەدریەکان و پارتی و سوننە، تێک چووە، چەند رۆژێک دیمەنە سیاسیەکە وادەبینرا گوایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئیتر سەرکەوت و لە کوردستانیشدا، یەکێتی دەیباتەوە، بەڵام بەرەبەرە، دیمەنەکە هەڵگێڕدرا.

ئاماژەى بەوەش کردووە:  "سەدریەکان لەسەر هێڵی سووری ناکۆکیەکان گوڕیان بەستووە. لە بەرامبەردا چوارچێوە تێگەیشتن، ئیسقانەکە لە چەندین لاوە دڕکی هەیە. بۆیە، بەرەبەرە زۆربەی چوارچێوە، ئاراستەی سیاسەتیان گۆڕی. لیستی نەسر و بیت للحکمة، لە دژواری دۆخەکە کشانەوە و ئامادە نین ببنە بەشێکی کابینەی چوارچێوە؛ هادی عامریش ناکۆکی لەتەک مالیکی هەیەو هێشتا کاندیدێکیان بۆ سەرۆک وەزیران بەتەنها نییە".

ئەو بەرپرسەى یەکێتى دەشڵێت: "هادی عامریش ناکۆکی لەتەک مالیکی هەیە و هێشتا کاندیدێکیان بۆ سەرۆک وەزیران بەتەنها نییە، بە هەموو ئاڵوگۆرەکانەوە، لە ناو کورسیەکانی پەرلەمان، چوارچێوە هێشتا ناتوانێ ٢٢٠ کورسی بۆ سەرۆک کۆمار دەستەبەر بکات. بۆیە لەگەڵ پارتی نەرمی دەنوێنن، هەتا پارتی و سوننەکان رابکێشن!".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی باسى لەوەکردوە، هەموو لایەکیان نیگەرانن، کە لەدوای ١٥/٧ رەوتی سەدر، لە مەدینەی سەدر، نەیقەومێنێ.