تورکیا بەتەمای داگیر کردنی هەرێمی کوردستان نییە

بەشی جیهان- دکتۆر ژگار حەسەن بڕوای وایە تورکیا نفووزی زۆری لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆیە پێویست ناکات بیر لە داگیر کردنەوەی ئەو ناوچەیە بکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم رۆژانەدا بەردەوام بوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکە لەم ناوچەیە، گرژی سیاسی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر سەرچاوەی سەرەکی نەوت و گاز و ناکۆکییە ناوخۆیەکانی کورد بابەتی ڕۆژەڤی عێراقن.

ئاژانسی کوردپرێس بۆ تاوتوێ کردنی ئەم پرسانە گفتوگۆیەکی لەگەڵ دکتۆر ژگار حەسەن، مامۆستای کینگ کۆلێژی کەنەدا و شارەزای پرسی کورد ئەنجام داوە.

دەقی تەواوی گفتوگۆی کۆردپرێس لەگەڵ دکتۆر ژگار حەسەن مامۆستای کینگ کۆلێژی کەنەدا:

ئایا وەک نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزی ئەمریکا هۆشدارییان دا بوونی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە؟

بەرپرسانی حکوومەت یان ڕێکخراوە بیانییەکان وەک حکوومەتی ئەمریکا، نوێنەری ئەورووپا، یان نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک نەتەوەیەکگرتووەکان پێشتر لێدوانی هاوشێوەیان سەبارەت بە بوونی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کردبوو. کێشەکە لەوەدایە کە ئەم بەرپرسانە لەو پرسانە تێناگەن کە هەرێمی کوردستانی عێراق لە کاتی دەرکردنی بڕیاری سیاسی و ئابووری گرنگ سەبارەت بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ بەغدا رووبەڕووی دەبێتەوە. وەک هەموومان دەزانین هەرێمی کوردستانی عێراق بەسەر دوو هەرێمدا لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندا دابەش کراوە. هه‌روه‌ها ده‌زانین که‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ لە ناو خۆیانیشدا دووبەرەکییان هه‌یه‌ و دانیشتوانی کورد له‌م ناوچه‌یه‌ داخوازی و چاوه‌ڕوانییان هه‌یه‌. بە لەبەرچاوگرتنی هەمووئەمانە، بۆ هەرێمی کوردستان ئاسان نییە بڕیار لەسەر پرسە گرنگەکان بدات کە لێکەوتەی بۆ هەموو هەرێم هەیە. بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان، پێویستە دانوستان و سازان لەنێوان هەولێر و بەغدا رووبدات، بەڵام داوایەکی لەو شێوەیە مێژووی بێمتمانەیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق لە ساڵی 2003ەوە لەبەرچاو ناگرێت. بۆیە پێویستە کورد لە کاتی دانوستان لەگەڵ بەغدا وریا بێت. ئەم هەرێمە کوردییە ناتوانێت سازش لەسەر ئۆتۆنۆمی سیاسی و ئابووری خۆی بکات. پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان لەم ڕاستییە تێبگات.

هۆکاری هەڵسوکەوتی توندی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی باشی ڕابردووی ناوبراو لەگەڵ ئەم حیزبە)، هاوشێوەی هەڵسوکەوتی لاهور تاڵەبانی لەگەڵ پارتی چییە؟

وەک دەزانین یەکێتی لەناو خۆیدا تووشی ململانێی نێوان باڵە جیاوازەکانە. هه‌روه‌ها ده‌زانین که‌ حیزبی دیموکراتی کوردستانی عێراق گرینگترین حیزبی ڕکابه‌ری یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەگەر وا دەربکەوێت لاهور تاڵەبانی هاوسەرۆکی پێشووی حیزب هەڵویستێکی توندتری لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئێستای ئەم حیزبە لەگەڵ حیزبی دیموکرات هەبووبێت، ئەم بابەتە کاریگەریی لەسەر پشتیوانی بافڵ تاڵەبانی و ئەندامانی دادەنێت. بۆیە دەبوایە بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستێکی بەهێزتری بەرامبەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستان نیشان بدایە بۆ ئەوەی هەم هەڵوێستی خۆی و هەم پێگەی حیزبەکەی وەک گرنگترین نەیاری پارتی نیشان بدات.

تورکیا هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، بەڵام کەس ورتەی لێوەنایەت؛ نە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و نە لە هەرێمی کوردستان؛ هۆکار چییە؟

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق هیچ دژایەتییەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێناکەوێتەوە، چوونکە تورکیا لە ڕەوایەتیدان بەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەڵێت، پەکەکە لەم ناوچەیە ئامادەیە و تورکیا تەنیا ئەم گرووپە دەکاتە ئامانج. پەکەکە لەلایەن تورکیا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە. بۆیە ئەستەمە ئەم وڵاتانە ڕەخنە لە تورکیا بگرن کە بۆچی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.

سەبارەت به بێدەنگیی هەرێمی کوردستان له به رامبەر ئەو هێرشانه، پێویسته بگوترێ ئەستەمه حکوومەتی هەرێمی کوردستان به راشکاوی ئەو ئۆپەراسیۆنانه شەرمەزار بکات. بۆ ئەمەش لانیکەم دوو هۆکار هەیە: یەکەم: هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندییەکی بەرفراوانی سیاسی و ئابووری لەگەڵ تورکیا هەیە، هەربۆیە هەرێمی کوردستان مەیلی تەحەمول کردنی ئەم هێرشانە بۆ سەر خاکەکەی لەلایەن تورکیاوە هەیە. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستانی عێراق ناڕازییە لە بوونی و جەکدارانی پەکەکە لە خاکەکەیدا. لە ڕوانگەی هەرێمی کوردستانەوە بوونی پەکەکە لەو هەرێمەدا ناسەقامگیریی لێکەوتۆتەوە. هەموومان لەبارەی ململانێکانی ڕابردووی نێوان پەکەکە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی عێراقەوە دەزانین.

ئایا تورکیا بەتەمای داگیر کردنی هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەپێی گەڕانەوە بەۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی؟

من پێم وایە تورکیا بەدوای پلانێکی لەو شێوەیەدا ناگەڕێت. من پێم وایە تورکیا ئارەزووی لکاندنی ئەم ناوچە کوردییەی عێراقی نییە بە خاکەکەیەوە. جگە لەمەش، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە ژێر نفوزی تورکیادایە و لە ئەنجامدا کاریگەرییەکی زۆری لە بواری سیاسی و ئابووریدا لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. کەواتە لکاندنی بە تورکیا چ سوودێکی بۆ ئەم وڵاتە هەیە؟

ئایا دواجار بەغدا دەتوانێت کۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات؟

ئه‌م پرسیاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پرسه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌کان، که‌ به‌رده‌وام ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی گرژییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. ناکۆکی لەسەر نەوت و سامانە سروشتییەکان بەم زووانە چارەسەر ناکرێت و هیچ کام لە لایەنەکانیش بە تەواوی لەم رێکخستنانە رازی نابن. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ توانای عێراق بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان، ده‌بێ بڵێم نه‌خێر، من پێم وایه‌ به‌غدا ناتوانێت کۆنترۆڵی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بکات. ناوەڕۆکی دەستووری عێراق لەم ڕووەوە دووفاقییە و هەرێمی کوردستانی عێراقیش بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای مافی یاسایی خۆیدا بۆ کۆنترۆڵ کردنی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی بە بنبەست گەیشتنی ئێستای عێراق لەبواری سیاسییەوە کێیە؟

من پێم وایە هەموو پارت و ڕەوتەکان پشکیان هەیە لەو چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستا. لە ڕاستیدا سیستمی سیاسیی عێراق و دامودەزگاکانی بە ئەنقەست دروست کراون بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەکان. ئەم جۆرە سیستەمە پێی دەوترێت دیموکراسی ئەنجومەنی کە لە کۆتاییدا دەگاتە بنبەست و ئێستا لە عێراقدا دەیبینین. بێگومان ئەم دۆخە جێگەی سەرسوڕمان نییە. بەدڵنیاییەوە هەندێک حزب لەوان حیزبی دیموکراتی کوردستان پشکیان هەیە لە دروستکردنی ئەم چەقبەستووییەدا، بەڵام پێویستە ئەمەش بزانین کە دیکەی لایەنەکانیش لەم پرۆسەیەدا بەشدارن.

News Code 6360

Your Comment

You are replying to: .
captcha