ناردنی پەیام لەلایەن مەسعوود بارزانیەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بەدرۆ خرایەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوسینگەی مەسعوود بارزانى رەتیکردەوە پەیامى جیاوازى بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بارەگاى بارزانى لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: لە ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن و میدیادا وا بڵاو بووەتەوە لەسەر بابەتی پڕۆسەی سیاسی و ناوی کاندیدانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، بارزانی پەیامی جیاوازی بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە "لێرەدا بە گشت لایەک ڕادەگەیێنین ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەکی نییە".

بارەگاى بارزانى جەختی کردووەتەوە، لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و حکوومەتی داهاتوودا، ناوی کەس و لایەن بە لای بارزانیەوە گرنگ نیە بەڵکوو جێبەجێ کردنی دەستوور، بەرنامەی حکوومەتی داهاتووی عێراق گرنگە کە هاوکات ئەو بەرنامەیە دەبێ لەسەر بنەمای هەر سێ پڕەنسیپی شەراکەت و هاوسەنگی و سازان بێت.