بافڵ تاڵەبانی و مستەفا کازمی و بەرهەم ساڵح بارودۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنی عێراقیان تاوتوێ كرد
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کۆ بوونەوە.

کوردپرێس؛ بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەى سەرۆکى یەکێتى، لەدیدارێکدا بارودۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنی عێراق تاوتوێكرا و هەوڵەكان بۆ كۆكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان و زاڵكردنی زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بەرز نرخێندرا.

لە درێژەی گفتوگۆكاندا باسی رۆڵی حكوومەت لە باشتركردنی ژیانی هاوڵاتییان و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری زیاتر كرا و بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە گرنگ وەسف كرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانن رۆڵی گرنگ و كاریگەر ببین لە بونیادنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ عێراق و هیوای خواست، گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بكرێتە بنەمای كاركردن و هەموو هەوڵەكان لەپێناو داهاتوویەكی گەشتر بێت بۆ هاوڵاتییان.

لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەتەوە ‏ھەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆی ورد لەبارەی ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کرا و جەخت لە یەکخستنی ھەوڵەکان کرایەوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار کە ببێتە ھۆی سەقامگیری و بووژاندنەوەی وڵات لە هەموو بوارەكاندا.