یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگری لە ئیستیحقاقی سەرۆککۆمار و کاندیدی پەسەندکراوی خۆی دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێ دا و لە ڕاگەیەنراوێکدا پێداگری لە ئیستیحقاقی سەرۆککۆمار و کاندیدی پەسەندکراوی خۆی کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس مەکەبی سیاسیی یەکێتیی لەمبارە لەبارەی پرسەکانی دیکەی عێراقەوە ڕاگەیێندراوێک بڵاو دەکاتەوە دەقی ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیە:

 مەکتەبی سیاسی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراق، کورتەیەکی لەسەر دواهەنگاوەکانی وەفدی دانوستانی یەکێتی لە بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، باڵیۆز و نوێنەرایەتی وڵاتان پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، هەموو لایەنەکان لەسەر سیاسەتی راست و دروستی یەکێتی کۆکن کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ داکۆکی لە پرەنسیپەکانی سازان، هاوسەنگی و شەراکەت دەکات و ئەم پرەنسیپانەش درێژەدانە بە هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال لە سەردەمی زێڕینی رۆڵی کورد لە بەغدا.

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی هەڵوەستەی لە ئاستی رەوشی دیالۆگی یەکێتی و هێز و لایەنە عێراقییەکان کرد کە بەهۆی یەکڕیزی، یەکئاڕاستەیی و یەکدەنگی حزبییەوە ئەمڕۆ بە سەربەرزییەوە ماڵی سەرۆک مام جەلال لە بەغدا بووەتە شوێنی پێکگەیشتنی ئاڕاستە، دید و بۆچوونە جیاوازەکان و دیدارەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی درێژەی هەمان کەلتووری سەنگینی سەرۆک مام جەلالە بۆ دروستکردنی ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان پێکھاتەکان و پاراستنی ئیستحاقە دەستورییەکانی گەلەکەمان لە عێراقی نوێ.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و لەمبارەیەوە وێڕای پشتیوانی لە چاکسازییە حزبی و حکومییەکان و پشتیوانی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و تیمی یەکێتیی لە حکومەت، تەئکیدکرایەوە کە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و سەنگی سیاسەتی یەکێتی لە پایتەختی فیدراڵی رێ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆشتر دەکات بەو پێیەی هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دۆسییەكانی وەک بودجە، مووچە و شایستەکانی تری گەلەکەمان لە دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان کە بەشێکی دانەبڕاوی سیاسەتی یەکێتییە، بەرەو چارەسەر ھەنگاو دەنێت.لە کۆتاییدا مەکتەبی سیاسی پێداگری یەکێتی لە ئیستیحقاقی سەرۆک کۆمار و کاندیدی پەسەندکراوی خۆی بۆ ئەو پۆستە دووپاتکردەوە و تەئکیدیشی لەسەر پێویستی پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوسەنگ، تەوافوق و خزمەتگوزار کردەوە کە مەبەستی سەرەکی لە پێکهێنانی ئەو حکوومەتەش خزمەتکردنی هاوڵاتییان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان بێت.