ئەژی ئەمین باس لە نهێنییەکانی هەشتی تەمموز و گۆڕانکارییەکان لە سەرۆکایەتیی یەکێتی دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەژی ئەمین کە لەساڵی ڕابردوودا و لەکاتی ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری بوو لە پەیامێکی نوێدا ڕایگەیاند، هەشتی تەمووز هەوڵێک بوو بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەی دەزگا ئەمنییە هەستیارەکان بۆ دەستێکی ئەمین و بە نیشتیمانیکردنیان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەى حکوومەتدا لە خزمەتی خاک و نەتەوەکەمان بن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە درێژەی پەیامەکەیدا ئەژی ئەمین دەڵێت: "لە ساڵیادی ڕووداوەکانی هەشتی تەمووزدا جێگای خۆیەتی بڵێین ڕووداوەکانی هەشتی تەمووز هەوڵێک بوو بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەی دەزگا ئەمنییە هەستیارەکان بۆ دەستێکی ئەمین و بە نیشتیمانیکردنیان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەى حکومەتدا لە خزمەتی خاک و نەتەوەکەمان بن لە هەر چوارپارچەى کوردستان، و هەوڵێک بوو بۆ گەڕاندنەوەى ئیرادەی بڕیاردان بۆ یەکێتى و دوورخستنەوەى لە هەژموونی ئیقلیمی و خستنە خزمەتی حیزبەکەمان بوو بە پاراستنى ناوماڵی کورد نەک هەر لایەنێکى تری عێراقی. بەداخەوە دواتر گۆڕانکارییەکان لەسەر شاڕێی چاکسازی لابران و بە فشاری ناوخۆیی و ناوچەیی هەوڵدرا چاکسازییەکان پەکبخرێت بەڵام لێرەوە بەڵێن دەدەین کە تا دوا دڵۆپی خوێنمان لەو چاکسازییانە دەست هەڵناگرین و بەردەوام دەبین، هەروەها لە کاتی خۆیدا زانیاری تایبەت بەو ڕووداوانە بۆ خەڵکی کوردستان دەخەینەڕوو". 

دەشڵێت "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دووبارە فشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە شێوەیەکی نوێدا خۆی پیشان داینەوە و دووبارە هێرشکرایەوە سەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم دۆخە بەرەنجامی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق و کێشمەکێشمەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقە، بەداخەوە هێرشکردنە سەر کێڵگەکانى هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئیداری و سەربازی خۆمان پێشهاتێکى نوێیە، هیوادارین ئەم ڕووداوە پلان بۆ داڕێژراو نەبێت و هۆکارەکەى كاڵفامی و ناشارەزایی سیاسی و سەربازى ئەم تاقمە بێت کە دەستیانگرتووە بەسەر هێزە ئەمنیەکاندا و بە مەبەست نەبووبێتن بە بەشێک لەو فشارانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان".

ئەژی ئەمین لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەم لە سۆنگەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانەوە سیاسەتەکانیان دابڕێژنەوە و ئاڕاستەکان هەڵبژێرن نەک هەموو هیواکان بە بەرەیەکدا هەڵبواسن و دواتریش گەلەکەمان لێی زەرەرمەند بێت".

باسی لەوەش کردووە "داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم گوێ نەدەن بەو دەنگە نەشازانەی کە بانگەشە بۆ داگیرکەرانی کوردستان دەکەن و دەیانەوێت کوردستان دەستبەرداری مافە دەستوورییەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی ببێت، ئەو دەنگە نەشازانە هاوشێوەی ئەو خۆفرۆشانەن کە لە ساڵانی پێشوودا پێش سوپای داگیرکەر دەکەوتن بۆ وێرانکردنی گوند و شارەکانی کوردستان، ئێستاش ئەمانە تەواوکەری هەوڵی داگیرکەرانن بۆ بچووککردنەوە و لاوازکردنی کوردستان،بۆیە ڕێگەیان پێ مەدەن و بە زبڵدانی مێژوویان بسپێرن
"