تورکیا هەڕەشەیەکی ستراتیژیکە لەسەر کوردستانی سووریا
بەشی سووریا- شرۆڤەکارێکی سیاسیی کوردی سووریا دەڵێت: تورکیا دەیەوێت شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەروەها ڕازیبوون بە بەشداریی سوید و فینلاند لە ناتۆ بقۆزێتەوە بۆ داگیرکاریی زیاتر لە باکووری سووریا.

جومعە محەممەد، شرۆڤەکاری سیاسی و ڕۆژنامەنووسی مەیدانیی کوردستانی سووریا، وەڵامی پرسیاری کوردپرێسی دایەوە کە ئایا هەڕەشەکانی ئەردۆغان لە باکووری سووریا دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، وتی: تورکیا هەڕەشەیەکی ستراتیژییە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئامانجی تورکیا داگیرکردنی ناوچە سنوورییەکانە تا قووڵایی ٤٠ کیلۆمەتر لە خاکی سووریادا کە لە بنەڕەتدا جێنیشتەجێبوونی کوردەکانە لە سووریا.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تورکیا هەموو جارێک هەڕەشەکانی بە سیاسەت و شێوازی جیاواز جێبەجێ کردووە. هەندێک جار بە هێرشی ڕاستەوخۆ و هەندێک جار بە تۆپباران و هەندێک جار بە گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان سیاسەتی خۆی بەرەوپێش دەبات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تورکیا دەیەوێت گرووپە تاوانکار و چەکدارەکان لە باکووری سووریا جێگیر بکات و هێزەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا چڕ بکاتەوە، ئەمجارەش بەتەمای داگیر کردنی تەلرەعفەت و مەنبەجە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کە ئەم بابەتە تا چەند ڕاستە.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی دا قۆستەوەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەلایەن تورکیاوە و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە ئەندامێتیی فینلاند و سوید لە ناتۆ و وتی: تورکیا دەیەوێت شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەروەها ڕازیبوون بە بەشداریی سوید و فینلاند لە ناتۆ بقۆزێتەوە بۆ داگیرکاریی زیاتر لە باکووری سووریا.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی تورکیا و هەڵوێستی ئەردۆغان، محەمەد ئاماژەی بەوەدا: ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە تورکیا بەڕێوەدەچێت و حکوومەت لە دۆخێکی باشدا نییە، بۆیە بەنیازن بە هەمان سیاسەتی کۆنی دروستکردنی قەیران، دەنگی گەلی تورکیا بەدەست بهێنن.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: به‌ڵام قه‌یرانی سووریا به‌ بوونی وڵاتانی دیکه‌ش به‌نده‌، هه‌روه‌ها ئه‌مریکا و رۆژئاوا و ڕووسیا و ئێرانیش له‌ دۆسیه‌ی سووریا کاریگه‌رییان هه‌یه‌ و تورکیاش به‌ بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ ناتوانێت هیچ کارێک بباتە پێش.

ئەم ڕۆژنامەنووسە جەختی کردەوە: کوردستانی سووریا لە دۆخێکی نالەباردایە. لەلایەکەوە تورکیا بەنیازە داگیرکاریی تێدا بکات و لەلایەکی دیکەشەوە حکوومەتی ناوەندی دەیەوێت مەرجەکان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی پێشوو. بەهۆی ئەمەوە ئیدارەی خۆسەر لەژێر فشاردا بووە و لە هەوڵی هاوسەنگی هێزە سیاسییەکاندایە و دەیەوێت لەگەڵ حکوومەتی ناوەند بگەنە رێککەوتن، بەڵام حکوومەتی ناوەندی تائێستا ئامادە نییە رێکبکەوێت.

ناوبراو وتیشی: هێزه‌ سه‌ربازییه‌کان ئاماده‌ن بۆ شه‌ڕ و پاراستنی خاکه‌کانیان، به‌ڵام که‌س شه‌ڕی ناوێت و چاره‌سه‌ری سیاسی باشترین ڕێگایه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان.

محەممەد وەبیری هێنایەوە: تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا تورکیا دەتوانێت هێرش بکات یان کەی گڵۆپی سەوز بۆ هێرش کردن وەردەگرێت، بۆیە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردی سووریا بڕیاری دا باری نائاسایی ڕابگەیەنێت و ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێک.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: هێرشه‌که‌ی تورکیا ده‌رفه‌تێک بۆ ئه‌لقاعیده‌ و نوسره‌ و داعش ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه‌ ناوچه‌که‌ بخه‌نه‌ ناو ئاگری تیرۆره‌وه‌. لەلایەکی دیکەوە تورکیا بە دروستکردنی ناوچەیەک لەژێر چاودێریی خۆی بۆ گرووپە توندڕەوەکانی باکووری سووریا و گواستنەوەی یەک ملیۆن ئاوارەی سووری بۆ ئەو ناوچانە، خەریکە بناغەی شەڕ و نائەمنی و جیاوازی نێوان خەڵک لە داهاتوودا دادەنێت، کە هەموو ئەمانەش وا دەکات قەیران لە سووریا زیاتر بخایەنێت.