میدیای فەرمیی یەکێتی ڕەتی دەکاتەوە دادگای کەرخ لە بەرژەوەندیی لاهور جەنگی دەنگی دابێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- میدیای فەرمیی یەکێتی دەڵێت، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە کە سۆشیاڵ میدیای لاهور شێخ جەنگی لەبارەی پۆستی هاوسەرۆکی یەکێتی بڵاوی کردۆتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دوای ئەوەی کە چەند ئاژانسێک بڵاویان کردەوە دادگای كەرخی بەغدا بڕیاری دا هەموو گۆڕانكارییەک لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕابگرێت هەروەها بڕیاری دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە هاوسەرۆكی یەكێتی ڕاگيراوە؛ میدیای فەرمیی یەکێتی  ئەمڕۆ دووشەممە 11-7-2022 ڕایگەیاند: "دادگای کەرخ لە بەغدا لە ١٢-٦-٢٠٢٢ سکاڵای  دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی ڕەت کردووەتەوە و ئەو دەنگۆ و ژاوەژاوانەی  لەم رۆژانی پشووی جەژنەدا بڵاو کراونەتەوە ھیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە".

میدیای فەرمیی یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمییەوە بڵاویکردووەتەوە، "دادگای کەرخ لە بەرواری ١٢ی حوزەیرانەوە سکاڵای پارێزەر و بریکاری لاھور شێخ جەنگیی رەتکردووەتەوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێمە لەبەر رێزگرتن لە رێکارە ئیداری و یاساییەکان پێمان باش نەبوو ھیچی لەبارەوە بڵاو بکەینەوە، بەڵام بۆ بنبڕکردنی چەواشەکاری و ژاوەژاوی ناڕەوا وا بڵاوی دەکەینەوە".