بە ئەگەری زۆرەوە تورکیا هێرشی زەمینی دەکاتە سەر باکووری سووریا

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا (P.Y.K.S) دەڵێت: ڕێککەوتنی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلاند بەرژەوەندییەکانی پەکەکە دەکاتە ئامانج.

هەڤاڵ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا (P.Y.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕێککەوتنی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلاند و کاریگەرییەکانی ئەو ڕێککەوتنە لەسەر گۆڕانکارییەکانی کوردستانی سووریا وتی: پێدەچێت ئەم ڕێککەوتنە دژی بەرژەوەندییەکانی پەکەکە بێت نەک کوردەکانی تورکیا و سووریا. ڕێکەوتنەکە لە چوارچێوەی پشتیوانی نەکردن و بڕینی ڕێگا ئابوورییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان واژۆ کراوە. بۆیە ئەم ڕێککەوتنە کاریگەریی زۆری لەسەر چالاکییەکانی پەکەکە لەم وڵاتانەدا هەیە.

سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکا و ڕووسیا سەبارەت بە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا وتی: تا ئێستا هیچکام لەم دوو وڵاتە گڵۆپی سەوزیان بۆ هێرشکردنی تورکیا هەڵنەکردووە، بەڵام زیادبوونی هەڕەشەی زارەکی و تۆپباران کردنی ناوچەکانی پێکدادان دەریدەخات کە ئەگەری هەیە تورکیا هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی SDF و PYD.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا: پێویستە ئیدارەی خۆسەر و پارتی یەکێتی دیموکرات PYD بیانوو نەدەنە دەستی تورکیاوە بۆ ئەوەی هێرشێکی دیکە بۆ سەر کوردستانی سوریا ئەنجام بدات. پێویستە پەیەدە وێنەی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە و هەموو شتێکی پەیوەست بەو حیزبە لەم ناوچانە لابەرێت.

News Code 6404

Your Comment

You are replying to: .
captcha