سەلاحەدین دەمیرتاش: ئاکپارتی هەڵدەوەشێتەوە

بەشی تورکیا- سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی  HDP لە یادداشتێکدا کە زمانی تەشەری تێدایە باس لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی AKP دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە نوێترین خوێندنەوە بۆ دۆخی سیاسیی ئێستای تورکیا، دەڵێت: "دەکرێت دوای هەڵبژاردن (هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی حوزەیرانی ٢٠٢٣) حزبێک بە ناوی ئاکپارتی نەمێنێت".

سەڵاحەدین دەمیرتاش لەو خوێندنەوەیەدا بۆ دۆخی سیاسی تورکیا باسی لەوەکردووە: "سەرەڕای ئەو هەموو گەندەڵی، نەبوونی و ستەمە، بەپێی راپرسییەکان ئەم پارتە هێشتا ٣٠٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، ئەی چی روودەدات و دوای هەڵبژاردن پەرت دەبێت؟ ئەم دوکانە دادەخرێت؟".

دەمیرتاش دەشڵێت: "لە ئێستاوە ئیتر ئاکپارتی حزبێکی خاوەن 'گوتارێکی رەوا" نییە و بێگوتارە. ئەو کەسانەی بڕوایان بەو گوتارە هەبوو دەمێکە لە کەشتییەکە دابەزیون. ئەوانەی ماونەتەوە، ئەو کەسانەن کە بێگوتارن و هیچ ئایدۆلۆژیایەکیان نییە".

هەر بەوتەی هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان: "لە سەرۆکانی گشتیی پارتەکەوە تا وەزیرەکان، لە سەرۆکی لقی شار و شارۆچکەکانی حزبەکەوە تا رێکخەری هەموو ئاست و گەڕەکەکان، ئەوانەی کە لە دزییەوە تێوە نەگلان، لەوە زیاتر بەرگەیان نەگرت و ئاکپارتییان بەجێهێشت".

دەربارەی دۆخی ئاکپارتی کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە و ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات دەڵێت: "ئەمڕۆ لەنێو هیچ رێکخستنێکی ئاکپارتیدا خاوەن ئەرکێک نادۆزیتەوە خاوەن بەرژەوەندی کەسی و سوود و قازانج نەبێت. بە جۆرێک کە بە ئەگەری زۆرەوە، لە بەیانییدا و لە هەر شوێنێکی ئەم وڵاتەدا، لە مێشکی هەر بەرپرسێکی ئاکپارتیدا کە دەچێتە نێو بینای حزبەکەی، لەبری پرسیاری ئەوەی "ئایا ئەمڕۆ دەتوانم چی بۆ حزبەکەم بکەم؟"، پرسیاری "لە کام تەندەر دەتوانم چەندم دەستبکەوێت؟' هەیە.

News Code 6408

Your Comment

You are replying to: .
captcha