مشتومڕی هەولێر و بەغدا لەسەر خاوەنداریی کۆمپانیایەکی پەیوەندی کردن
بەشی جیهان- کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە سەرۆکایەتی سیروان بارزانی، داواکارییەکی پێشکەش بە یەکێک لە دادگاکانی ئەمریکا کردووە و تێدا داوای دەستپێڕاگەیشتنی بە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دۆسیەکەوە کردووە کە ئێستا لەژێر دەستی کۆمپانیایەکی یاسایی ئەمریکیدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کە کۆمپانیای پەیوەندی کردن و تۆڕی گەیاندنی مۆبایلە و سیروان بارزنی برازای مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەندارێتی دەکات؛ سەبارەت بە خاوەندارێتی و پشکەکانی رووبەڕووی چەندین داوای یاسایی بۆتەوە. کۆمپانیاکانی ئۆرنج فەڕەنسا و ئەجیلیتی کوێت چەندین جار سکاڵایان لە دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی کۆمپانیاکە کردووە و داوای قەرەبووکردنەوەیان کردووە.

بەگێرەی راپۆرتی گۆڤاری ئەمنی ئینتلیجنت ئۆنلاین، هەروەها ناکۆکییەکی یاسایی سەبارەت بە خاوەندارێتی ئەم کۆمپانیایە لەنێوان حکوومەتی عێراق و خاوەنەکەی ئێستای دروست بووە و ئێستا دۆسیەی ئەم سکاڵایە لە یەکێک لە دادگاکانی ئەمریکا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

ئەم گۆڤارە باس لە هەوڵەکانی کۆمپانیای پەیوەندی کردنی عێراق و  کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەکات بۆ کۆ کردنەوەی بەڵگەنامەی پێویست.

لەمبارەیەوە کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم بە سەرۆکایەتی سیروان بارزانی، داواکارییەکی پێشکەش بە یەکێک لە دادگاکانی ئەمریکا کرد بۆ ئەوەی فەرمان بە کۆمپانیاکە بکات بەڵگەنامە یاساییەکانی پەیوەست بەم دۆسیەیە وەربگرێت، کە لە دەستی کۆمپانیای یاسایی دیچێرتدایە.

ئەم گۆڤارە دەشڵێت مشتومڕی هەولێر و بەغدا لەسەر خاوەنداریی ئەم کۆمپانیایە خاڵێکی دیکەی ناکۆکیی نوێان ئەم دوولایەنەیە پاش پرسی یاسای نەوت گازی هەرێم.