کێشەی تورکیا لەگەڵ کورد چارەسەری سەربازیی نییە
بەشی جیهان- یاریدەدەری جێگری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا پێیوایە لەبری هێز پێویستە دیالۆگ و پرۆسەی سیاسی بەكاربهێنرێت بۆ چارەسەركردنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پەکەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە ئاژانسی ئەلمۆنیتۆر بڵاوی کردەوە دانا سترۆوێڵ، یاریدەدەری جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە ئەنستیتۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن بەڕێوە چوو، جەختی لە ناکارامەیی چارەسەری سەربازی بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکیەکان نێوان حکوومەتی تورکیا و کورد بەتایبەت پ.ک.ک کردەوە.

ناوبراو وتیشی: بەڕای من دیارە ئەم بابەتە هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە.

ئەم بەرپرسە ئەمریکییە وتی: پێویستە بەجدی بیر لە پرۆسەی سیاسی بکەینەوە و دیالۆگ بەکاربهێنین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەە.

دانا سترۆوێل زیادی کرد: ئێمە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیامان لە عێراق و سووریا بینیوە. پێم وایە پێویستە بە جددی بیر لەوە بکرێتەوە کە لە نەبوونی پرۆسەی سیاسی و ئابووریدا پەنابردن بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان چ دەسکەوتێکی هەبووە؟.

ناوبراو لە کۆتاییدا جارێکی دیکە دژایەتی جیدی ئەمریکای بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا دەربڕی.