بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی دۆسیەی نەوت لەنێوان عێراق و تورکیا یەکلایی دەکرێتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەو ناکۆکییەی لەسەر دۆسیەی نەوت لەگەڵ تورکیادا دروست بووە، نزیک بووەتەوە لە یەکلایی کردنەوەی بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەستەی داوەری کردنی سەربە ژووری بازرگانی نیودەوڵەتی کۆتا دانیشتنی خۆی لەبارەی ناکۆکی نێوان عێراق و تورکیای سەبارەت بە رێککەوتنی بۆری نەوتی نێوان دوو وڵات ساز کرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، عێراق پێداگری دەکات لەسەر بەدەستهێنانی مافەڕەواکانی لەو سامانە نیشتیمانییەی هەیەتی بە گوێرەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵتییەکان.

عەبدولجەبار دەشڵێت، عێراق رێز لەو بڕیارە دادپەروەرانە دەگرێت کە دادگاکان و لایەن پەیوەندیدارەکان دەریدەکەن سەبارەت بە سنووربەزاندنەکان و ناکۆکییەکان، بەوانەشەوە کە پەیوەندیدارن بە سامانی نەوتییەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی چاودەخشێنێتەوە بەو سکاڵایەی عێراق دژی تورکیا تۆماری کردووە لەبارەی ئە سەرپێچییانەی کردوویەتی لەبارەی هێڵی نەوتی عێراق -تورکیاوە کەلە ساڵی ١٩٧٣ لەسەری رێککەوتوون.

دەشڵێت، بەگوێرەی رێککەوتنەکە پێویستە لایەنی تورکی پابەندبێت بەسەرجەم رێنماییەکانی عێراقەوە پەیوەست بە جموجوڵی نەوتی خاو و لەهەموو بنکەکاندا لە هەڵگرتن و مامەڵەپێوەکردن و گەیشتنی بە کۆتا وێستگە.

راگەیەنراوەکەی وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستەی دادوەری دوای ئەوەی گوێبیستی داواکاری لایەنەکان بوو، دۆسییەکەی داخستووە و چاوەڕێ دەکرێت لەچەند مانگی کەمی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسییەکەوە بدات.