مه‌زڵوم کۆبانێ: ئەگەر تورکیا هێرش بکاتەوە وەڵامی ئێمە وەک سێ ساڵ بەر لە ئێستا نابێت
بەشی سووریا- فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر هێرش بکاتە سەرمان وه‌ڵامی ئێمه‌ وه‌ک سێ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا نابێت، هێزه‌کانمان له‌ ڕووی پارێزگارییه‌وه‌ به‌هێز بوون.

کوردپرێس: ئاژانسی فورات نیوز بڵاوی کردەوە: مه‌زڵوم کۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ میانی کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر باکوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا، رایگه‌یاندووه‌، "هه‌ڕه‌شه‌کان له‌سه‌ر مه‌نبج، تل ره‌فعه‌ت و کۆبانێ له‌ 23ی ئایاره‌وه‌ ده‌ستیپێکردووه‌ و هێشتاش به‌رده‌وامن، پاساوی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ ئه‌نجامدانی هێرش ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزه‌کانمان رێککه‌وتنی 2019 یان پێشێلکردوه‌، به‌ڵام له‌ راستی ئێمه‌ ده‌بینین که‌ ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌زمونی دیموکراتی له‌ باکور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا  به‌ گشتی و هه‌بوونی کورد به‌ تایبه‌تی ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها سووریا پارچه‌ ده‌که‌ن و باکووره‌که‌ی داگیر ده‌کات، له‌ هه‌مان کاتدا رێگری له‌ چاره‌سه‌ری سیاسی ئاڵۆزییه‌کانی سوریا ده‌کات".

کۆبانێ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، ئه‌وان به‌ گوێره‌ی بڕگه‌کانی په‌یمانی 2019 ده‌جووڵێنه‌وه‌، "به‌پێی په‌یمانه‌که‌ هێزه‌کانمان 30 کیلۆمه‌تر کشانه‌وه‌ دواوه‌ و رێگه‌ له‌به‌رده‌م هێزه‌کانی حکوومه‌تی سووریا کرایه‌وه‌، که‌ له‌ ناوچه‌کانی سه‌ر سنوور جێگیر بن هه‌روه‌ها گه‌ڕانی چاودێری رووسیا و تورکیا له‌و ناوچانه‌ به‌رده‌وامن، به‌ڵام تورکیا به‌پێی ئه‌و په‌یمانه‌ ناجووڵێته‌وه‌، ناوه‌نده‌کانمان پێشێلکاری رۆژانه‌ی ئه‌و گرووپانه‌ی تورکیا پشتیوانیان ده‌کات و له‌ دژی هه‌رێمه‌کانمان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی سوپای تورکیا له‌ دژی مه‌ده‌نییه‌کانی باکوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌ به‌ڵگه‌ تۆمار ده‌که‌ن".

مه‌زڵوم کۆبانێ باسی له‌وه‌ش کرد، "مانگی رابردوو سوپای تورکیا 300 هێرشی به‌ کاتیوشا ئه‌نجام داوه‌، هه‌زار 360 گوللەی کاتیوشا هه‌ڵ دراون، شه‌ش هه‌وڵی ئه‌نجامدانی هێرشی زه‌مینی، حه‌وت هێرش به‌ درۆنی بۆمبڕێژکراو که‌ له‌ ئه‌نجامدا شه‌ش مه‌ده‌نی که‌ دوانیان منداڵن شه‌هید بون و نۆ هاوڵاتی دیکه‌ش برینداربون، هه‌روه‌ها 22 هێرش به‌ فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وانی هێرشبه‌ر ئه‌نجام دراون".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا راسته‌وخۆ کاریگه‌ر له‌سه‌ر شه‌ڕی ئه‌وان له‌ دژی داعش داناوه‌ و وتی: "به‌م هه‌ڕه‌شانه‌ن راسته‌وخۆ کاره‌کانی هاوپه‌یمانی و کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ دژی داعش له‌ هه‌رێمه‌که‌ ده‌کرێنه‌ ئامانج، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ مانگی ئایار ئۆپراسیۆنه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ دژی داعش له‌ مانگی حوزه‌یراندا که‌م بوونه‌وه‌، له‌ ئایاردا ئێمه‌ 73 چه‌کداری داعشمان ده‌ستگیرکردووه‌، به‌ڵام له‌ حوزه‌یراندا 30 که‌سمان ده‌ستگیرکردووه‌".

مه‌زڵوم کۆبانێ روونیشی کرده‌وه‌، "به‌رده‌وامیی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ده‌ریده‌خات که‌ هه‌ڵوێستی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ راگرتنی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشانه‌ وه‌ک پێویست نیه‌، هه‌روه‌ها هه‌رێمه‌ داگیرکراوه‌کانیش بۆ چه‌ته‌کانی داعش بوونه‌ته‌ شوێنی پارێزراو و کوشتنی سه‌رچه‌ته‌ ماهیر ئه‌لعه‌گاڵ له‌ ناوچه‌ داگیرکراوه‌کان روویدا، هۆشداریمان پێدرا که‌ داعش ئاماده‌کاری ده‌کات بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر که‌مپی هۆل".

له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا له‌باره‌ی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر باکوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا، فه‌مانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ وتی، هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئیداره‌ی جۆ بایدن به‌ ئه‌رێنی هه‌ڵسه‌نگاند، به‌ڵام وتی، بۆ راگرتنی ئه‌و هێرشانه‌ وه‌ک پێویست نییه‌.

په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵوێستی ڕووسیا، مه‌زڵوم کۆبانێ وتی، کاره‌کانی: "ڕووسیا گرنگن بۆ راگرتنی هێرشه‌کان" و باسی له‌وه‌کرد، که‌ هێزه‌کانی سوپای سووریا له‌ هه‌رێمه‌ سنووره‌کان که‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره‌ وه‌ک کۆبانێ، تل ره‌فعه‌ت جێگیربوون و له‌ مه‌نبجیش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌لایه‌ن ڕووسیاوه‌ کار ده‌کرێت.

ناوبراو وتیشی: "ئه‌گه‌ر هێرش بکرێت وه‌ڵامی ئێمه‌ وه‌ک سێ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا نابێت، هێزه‌کانمان له‌ ڕووی پارێزگارییه‌وه‌ به‌هێز بوون، ئێمه‌ چوارچێوه‌ی به‌رخودان به‌رفراوانتر ده‌که‌ین و ئێمه‌ خۆڕاگری ده‌که‌ین و رێگری له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی تورکیا ده‌که‌ین".