ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر مەنبج و تەلڕەفعەت لە ئارادایە

بەشی سووریا- ئەندامی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەگەری هێرش هەیە، بەڵام ئەمجارەیان بەرخۆدان لەدژی دەستدرێژییەکانی تورکیا فراوانترە، چوونکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێک ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ سوپای سووریا و ڕووسیا گەیشتووەتە رێککەوتن.

فەتحوڵڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی جەنەراڵ مەزلوم کۆبانی و بابەتی جوڵاندنی گشتی لە باکووری سووریا و رایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی جموجۆڵە سەربازییەکانی تورکیا لەسەر سنووری مەنبج و تەلڕەفعەت، ئەگەری ئەمە لە ئارادایە سوپای تورکیا و جیهادییەکان هێرش بکەنە سەر ئەو ناوچانە.

لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو وتی: هەموو شتێک بەسراوە بە ڕێککەوتنەکانی تاران و کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی تورکیا و ڕووسیا و ئێران. ئەوەی ڕوونە تا ئەم کاتە ڕووسیا و ئێران هیچ پەیامێکی ئەرێنییان بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە نەداوە.

حسێنی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: وتەکانی دوێنێ ژه‌نه‌ڕاڵ مه‌زلوم کۆبانی په‌یامێک بوو بۆ سه‌رجه‌م هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان؛ پەیامەکەشی ئەمە بوو که‌ قه‌یرانی سووریا پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی هه‌یه‌ نه‌ک سه‌ربازی و ئەم وڵاتە شه‌ڕێکی نوێ هەڵناگرێت.

ئەندامی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری هێرش لە ئارادایە، بەڵام ئەمجارەیان بەرخۆدان لە دژی دەستدرێژییەکانی تورکیا فراوانترە، چوونکە ئیدارەی خۆسەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێک لەگەڵ هەر دوو سوپای سووریا و ڕووسیا گەیشتووەتە ڕێککەوتن.

News Code 6429

Your Comment

You are replying to: .
captcha