کۆمپانیا نەوتییە چالاکەکان لە هەرێمی کوردستان دەتوانن دژی حکوومەتی ناوەندیی عێراق سکاڵا تۆمار بکەن

بەشی جیهان- کۆمپانیای یاسایی دۆن گیبسۆنی ئەمریکی هەوڵەکانی حکوومەتی ناوەندیی عێراق بۆ کۆتایی هێنان بە گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە نایاسایی وەسف دەکات و دەڵێت پێچەوانەی بەڵێنەنێونەتەوەییەکلانی عێراقە و کۆمپانیاکان دەتوانن سکاڵا لەسەر ئەو وڵاتە تۆمار بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نایاسایی بوونی چالاکییە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتی 2022، حکوومەتی ناوەندیی عێراق رێوشوێنی جۆراوجۆری گرتەبەر، لەوانە ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و دامەزراندنی کۆمپانیایەک بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و چەند هەڵمەتێکی دیکە بۆ کۆتایی هێنانی کۆنترۆڵی هەولێر بەسەر نەوتدا.

بەڵام لە شیکاریەکدا لەبارەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ کۆتایی هێنان بە چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای یاسایی ئەمریکی دۆن گیبسۆن هۆشداریی داوە لەوەی کە ئەم هەڵمەتانە پێچەوانەی یاساکانی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوونە یاساییەکانی عێراقن.

ئەم کۆمپانیایە هۆشداری داوە کە ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان گرێبەستی درێژخایەنی زیاتر لە ٣٠ ساڵەیان لەگەڵ کورد واژۆ کردووە. ئەگەر بەغدا بیەوێت کۆتایی بەم گرێبەستانە بهێنێت، ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن لە دادگا داراییە نێودەوڵەتییەکان سکاڵای یاسایی لەسەر بەغدا تۆمار بکەن و داوا لە حکوومەتی عێراق بکەن کە قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە.

دۆن گیبسۆن هۆشداریشی داوە کە ئەگەر کۆمپانیا نێودەوڵەتییە چالاکەکان لە هەرێمی کوردستان سکاڵا لەسەر بەغدا تۆمار بکەن تێچووی دەیان ملیار دۆلاریی بۆ حکوومەتی ناوەندیی عێراق دەبێت.

ئەم کۆمپانیایە یاساییە سەبارەت بە هۆکاری ئاگادارکردنەوەی بەغدا لەبارەی لێکەوتەکانی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان رایگەیاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە خاکی عێراق، هەوڵی حکوومەتی ناوەندی بۆ سنووردارکردنی هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەک پێشێلکردنی دەستووری ئەو وڵاتە بێت.

دۆن گیبسۆن هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە حکوومەتی عێراق ئەندامی بەشێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی وەبەرهێنانە، هەروەها هۆشداری داوە لەوەی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کە ڕووبەڕووی هەڵمەتەکانی بەغدا دەبنەوە دەتوانن بچنە لای ئەو ڕێکخراوانە و بە پشت بەستن بەو پێوەرانەی بەغدا قبووڵیان کردووە سکاڵا لەدژی عێراق تۆمار بکەن.

لە کۆتاییدا ئەم کۆمپانیایە یاساییە ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتیەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئەگەر ڕووبەڕووی هەوڵەکانی حکوومەتی ناوەندی عێراق ببنەوە، ڕێگای یاسایییان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زیانە بەریان کەوتوو لە بەغدا.

News Code 6434

Your Comment

You are replying to: .
captcha