ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج: هەمبەر هێرشەکانی تورکیا دەوەستین
بەشی سووریا- ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی مەنبج له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: هێزه‌كانمان ئاماده‌ن ڕووبەڕووی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی توركیا ببنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەیی گشتیی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج، فەرماندەیی گشتیی "جیش الثوار"، فەرماندەیی گشتیی ئەنجوومەنی سەربازیی باب و فەرماندەیی گشتی هێزەکانی " جبهه‌الأکراد" لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە، هەر هێرشێک بۆ سەر خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە؛ هەروەها داوایان لە هەموو خەڵک کرد لە دژی هێرشەکانی تورکیا یەکگرتوو بن.

ئاژانسی هەواڵی فورات بڵاویشی کردەوە، لەو بەیاننامەیەدا کە محەمەد مستەفا (ئەبو عادل) فەرماندەی گشتی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج بە ئامادەبوون لە ناوەندی فەرماندەیی ئەنجومەنەکە خوێندوویەتەوە، هاتووە: "ئێمە لەگەڵ جەنگدا نین بەڵام ئەگەر بە هەر شێوەیەک هێرش بکرێتە سەر گەلەکەمان، ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە. هەڕەشەی زارەکیی حکوومەتی تورکیا لە شارەکانی مەنبج، تەلڕەفعەت و کۆبانی لە ٢٣ی ئایارەوە بەردەوامە. ئەم هەڕەشانە لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی تورکیایە بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی دیکەی سووریا و گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان و قەڵاچۆ کردنی ڕەگەزپەرستانەیە.

لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە، "حكوومەتی داگیركەری توركیا دەیەوێت بە بیانووی پێشێلكردنی رێككەوتنی 2019 هێرش بكاتە سەر سیستەمی دیموكراسی لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا، سووریا دابەش بكات و رێگری لە دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا بكات.

ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج زیاتر وەبیری هێنایەوە كە دوای پاككردنەوەی مەنبج لە هێزەكانی داعش، گوندەكانی ئەم ناوچەیە بەردەوام لەلایەن توركیاوە بۆردومان دەكرێن، هەروەها رایگەیاند، لەو هێرشانەدا دەیان هاووڵاتی مەدەنی و سەربازی گیانیان لەدەست داوە و سەدان ماڵ و مزگەوت و قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان وێران کراون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: "هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، شەڕی داعشی لاوازکردووە، ئامانجی تورکیاش زیندووکردنەوەی داعشە لە ناوچەکەدا".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەوڵ دەدەین ڕێگری لە هێرشەکان بکەین، بەڵام لە ئەگەری هەر هێرشێکدا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەمان دەبێت". وەڵامی ئێمە بەرخۆدانی قارەمانانە دەبێت. ئێمە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێز و کەرەستەی سەربازیمان زیاد کردووە. ئەمڕۆ هێزێکی بەرگری گەورەمان هەیە. "ئێمە بەرەی خۆڕاگری فراوانتر دەکەین و لەدژی هێرشەکانی تورکیا دەوەستینەوە".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: داوا لە هەموو گرووپ و هەموو دانیشتوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین کە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان بگرنە ئەستۆ و لە دژی هەر هێرشێک یەکگرتوو بن.