گرفتی سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ناکۆکیی نێوان شیعەکانە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لایەنە شیعەکانی بە لەمپەڕنانەوە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: ناکۆکیی نێوان هەردوو لایەنی کوردی سەبارەت بە کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق رێگر نییە لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاوەند جەلال ئاغا، لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئێرث نیوز، زیادی کرد: گرفتی سەرەکی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکوو کێشە لە ململانێکانی نێوان لایەنە شیعەکانە.

جەلال ئاغا جەختی کردەوە: "ئەگەر برا شیعەکانمان بتوانن لەسەر ناساندنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق رێکبکەون کە لەلایەن هەموو لایەنە شیعەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، ئەوا چاوەڕێی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان نەدەبوون کە ئایا لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراقڕێکدەکەون یان نا.

ناوبراو سەبارەت به پرسی په یوەندییەکانی نێوان یه کێتی و پارتی دیموکرات رایگەیاند: "هێشتا ئەو پەیوەندیانه بەردەوامن، چوونکه ئێمه دوو هاوبەشی سەرەکین له حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام من پێم وایه پرسی سەرۆکایەتیی عێراق پێویستە لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە و لەکووبوونەوەکانی ئەم دوو حزبەدا چارەسەر نابێت، چوونکە بۆچوونەکانیان زۆر دوورن لە یەکترەوە.