ئایینزا ئیسلامییەکان دیمەنێکی کۆی پێلکەزێڕینەیان بە ئۆمەتی حەزرەتی محەمەد بەخشیوە

بەشی کوردستان- ئەندامی کۆمیتەی فتوای هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: ئایینزا ئیسلامییەکان هەممو پێکەوە دیمەنێکی کۆی پێلکەزێڕینەیان بە ئۆمەتی حەزرەتی محەمەد بەخشیوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی وتەکانی عرفان ڕەشید شەریف لە کۆنفرانسی ناوچەیی یەکگرتووی ئیسلامیدا لە سنە بەم شێوەیە:

هیوادارین ئامانجەکانی ئەم کۆنگرەیە بێتە هەوێنی برایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و بەرجەستەکردنی دەقەکانی قورعان و سونەتی شیرینی پێغەمبەری ئیسلام لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە گشتی و کۆمەڵگای موسوڵمانان بە تایبەتی.

گومانی تێدا نییە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینی پێکەوەژیان و نزیکخەرەوەی تەواوی مرۆڤایەتییە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی تاکەکانی کۆمەڵگا و پەروەردە کردنیان لەسەر چەمکەکانی برایەتی و خۆشەویستی وەلانانی ڕق و کینە و پەرتەوازەیی و دوورکەوتنەوە لە یەکتری.

هەربۆیە قورعانی پیرۆز لە چەندین ئایەتی پیرۆزدا لەسەر برایەتی و پێکەوەژیان دەکاتەوە و دەفەرمێت «وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا» یان دەفەرمێت « وَ لا تَکُونُوا کَالَّذينَ تَفَرَّقُوا وَ اخْتَلَفُوا مِنْ بَعْدِ ما جاءَهُمُ الْبَيِّناتُ وَ أُولئِکَ لَهُمْ عَذابٌ عَظيمٌ».

بەڕێزان ئایینزا جیاجیاکانی ئیسلام کە لە ئاکامی داهاویشتەکانی زەروورەتی مێژوویی و بارودۆخی زانستی ئۆمەتی ئیسلام هاتوونەتە کایەوە هەر یەکە و بە شێوەیەک تا ڕادەیەک سەربەخۆ لە ڕووی ئوسوولی فیقهەوە تەفسیرێکی کۆنکرێتییان لە سەر سەرچاوەکانی عەقیدە و ئەحکام نووسیوەتەوە و بەمەش کۆمەڵێک لە موسوڵمانانیان بە خۆیان وابەستە کردووە کە تێکڕا دیمەنێکی کۆی پێلکەزێڕینەیان بە ئۆمەتی حەزرەتی محەمەد بەخشیوە.

جیاوازیی ئەم ئایینزایانە لە ڕووی هەمە ڕەنگییەوە دەوڵەمەندییەکی بەرچاوی بە زانست و مەعریفەتی ئاسمانیی ئەم دینە داوە. بەڵام شێوازی تۆمارکردنی ڕووداوە ناخۆش و نەخوازراوەکان وایکردووە کە جۆرێک لە ململانێ و جیاوازی دروست بێت.

هەوڵی نزیککردنەوەی ئایینزاکان ئەگەر بەشێوەیەکی جیدی و لە پێناو چارەسەرێکی ڕاستەقینەدا بێت دوور بێت لە کار و چالاکی ڕواڵەتی و مەبەستگەلی ڕامیاری ئەم هەنگاوانەی پێویستە:

یەکەم: پێداچوونەوە بە تەفسیری هەندێک لە زانایانی سەدەکانی ڕابردوو لە سەردەمی خەلەف.

دووهەم: قبووڵکردنی خەڵکانی ئایینزاکان لەلایەن ئایینزا جیاجیاکانەوە لە کاروباری عیلمی و مەعریفیدا.

سێیەم: بەکار هێنانی ڕۆڵی ئیجابیی ڕاگەیاندن و مەڵبەندە فیکرییەکان لە هەموو ئاستەکاندا لە پێناو ئەم نزیکردنەوەدا.

چوارەم: پێکهێنانی تۆڕ و کۆبوونەوەی بەردەوام لە لایەن هەڵگرانی چرای زانست و فکریی ئایینزاکانەوە بۆ یەکخستنی وتاری گشتیی موسوڵمانان.

هەر بۆیە خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوەکان بەرەو لێکنزکبوونەوەی زیاتر و بڵاو کردنەوەی هەستی برایەتی و قووڵکردنەوەی ڕۆحی پێکەوەژیان، قۆناغی یەکجار بەرز و باڵای بڕیوە و ئەتوانین بڵێن لە ژێر ڕۆشنای ڕێنموونەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی کە هەمیشە جەخت لە نزیکبوونەوە و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکاتەوە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی زانایانی ئیسلامی وەکوو دوو ناوەندی ئایینی هەمیشە ڕۆڵی بەرجستەیان هەبووە هەنگاوی باشیان هەڵگرتووە لەم بوارەدا.

News Code 6463

Your Comment

You are replying to: .
captcha