مستەفا کازمی: عێراق مافی تەواوی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکانی تورکیا بداتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له ‌په‌یامێکدا له‌باره‌ی بۆردوومانه‌که‌ی سنووری قه‌زای زاخۆ رایگه‌یاند عێراق مافی تەواوی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکانی تورکیا بداتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مسته‌فا کازمی له‌ په‌یامێکدا ڕایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ هێزه‌کانی تورکیا به‌ ئامانجگرتنی هاوینه‌هه‌واری گه‌شتیاری له‌ پارێزگای دهۆک له‌ هه‌رێمی کوردستان، جارێکی دیکه‌ پێشێلکارییه‌کی ڕاشکاوانه‌ و ئاشکرای سه‌روه‌ریی عێراق و ژیان و ئاسایشی هاوڵاتییانی عێراقیان ئه‌نجامدا، به‌ تۆپباران کردنی تۆپخانه‌کانیان بوونه‌ هۆی شه‌هید و برینداربوونی چه‌ندین که‌س که‌ له‌نێویاندا ژن و منداڵ هه‌یه‌".

ناوبراو وتیشی: "ئه‌م هێرشه‌ دڕندانه‌یه‌ ده‌یسه‌لمێنێت که‌ لایه‌نی تورکیا گرنگی به‌ به‌رده‌وامی داواکارییه‌کانی عێراق نه‌داوه‌ بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییه‌ سه‌ربازییه‌کانی بۆ سه‌ر زه‌وییه‌ عێراقییه‌کان و گیانی عێراقییه‌کان، وه‌ک چۆن عێراق بنه‌ماکانی دراوسێیه‌تی باش به‌رز ده‌نرخێنێت و پابه‌ندی ده‌بێت، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک به‌کارهێنانی خاکه‌که‌ی له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌ بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر دراوسێکانی ره‌تده‌کاته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌مو پاساوێکی ئه‌منی بۆ هه‌ڕه‌شه‌کردن له‌سه‌ر گیانی هاوڵاتییانی عێراق ره‌ت ده‌کاته‌وه‌".

مسته‌فا کازمی ده‌شڵێت: "عێراق مافی ته‌واوی خۆیه‌تی وه‌ڵامی ئه‌م هێرشانه‌ بداته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو ڕێوشوێنێکی پێویست ده‌گرێته‌به‌ر بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان، بۆ ڕاگرتنی ئه‌م هێرشانه‌ش، هه‌موو لێکه‌وته‌کان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نی ده‌ستدرێژکار".