ئامادەبوونی سوپای سووریا لە ناوچە سنوورییەکان، ئیدراەی خۆسەر ناخاتە مەترسییەوە

بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: رێککەوتن کراوە کە سوپای سووریا لە ناوچە سنوورییەکانی کۆبانی و مەنبج و تەل تەمر و تەلڕفعەت جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببێتەوە و ئەو هێزانەش مافی چوونە ناو شارەکانیان نابێت.

هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا، ئاماژەی دا بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپای سووریا لەسەر سنووری نێوان سووریا و تورکیا و رایگەیاند: هاتنی هێزەکانی سوپای سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بووە، کاتێک ئەمریکا لە مەنبج کشایەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هەماهەنگیی ڕووسیا لە ناوچە سنوورییەکانی مەنبج، تل تەمر، کۆبانی و تلرفعەت ڕێگەیان بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی دا ئەوەش مەبەستی رێگری کردن لە هێرشی تورکیا.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەم ماوەیەی دواییدا، دوای هەڕەشە جددییەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر باکووری سووریا، کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی ڕووسیا و سووریا ئەنجام درا و هەردوولا لە یەکتر نزیک بوون. ئەم لێکتر نزیک بوونەوە نە لێکتێگەیشتنە و نە رێککەوتنە، بەڵکوو جۆرێکە لە تاکتیک بۆ رێگرتن لە داگیرکردنی سوپای تورکیا بۆ ئەو ناوچانە.

هۆشەنگ دەروێش ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ئامانج لەم کارە پاراستنی سنووری نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌لایه‌ن سوپای سووریاوه‌، که‌ له‌ یاسای سووریا و یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا ئاماژه‌ی پێکراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش سوپای سووریا له‌و خاڵه‌ سنوورییانه‌ جێگیر بووه‌.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ژمارەی ئەو هێزانەی حکوومەت هاتوونەتە ئەو ناوچانە چەند کەسن، ناوبراو ڕایگەیاند: ژمارەی هێزەکانی سوپای سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سوریا دیاری دەکرێت و ئەمەش پرسێکی سەربازییە.

هۆشەنگ دەروێش ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: هه‌روه‌ها سوپای سووریا له‌گه‌ڵ که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی قورس ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کارایی پێویستیان هه‌بێت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هەر هێرشێکدا.

ئەم بەرپرسەی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا بوونی ئەو هێزانە نابێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە کوردیەکان و سوپای سووریا لە داهاتوودا، وتی: نەخێر، گومانی تێدا نییە کە هیچ ترسێک لە ئارادا نییە چوونکە ئەم هێزانە هێزی پاسەوانی سنوورن و ئەم هێزانە نەهاتوون بۆ چوونە ناو شارەکان و ڕێگەشیان پێنادرێت.

دەروێش وەبیری هێنایەوە: ئەرکی ئەم هێزانە پاراستنی سنوورەکانە و هەمیشە گوتوومانە ئێمە بەشێکین لە سووریا و پێویستە هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا بێدەنگ نەبن.

ئەم سیاسەتمەدارە کوردە ئاماژەی بەوەدا: ئەردۆغان هەموو رێگەیەکی بەکارهێنا بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ هێرشکردنە سەر باکووری سووریا، بەڵام لە تاران دەرکەوت کە نە ئێران و نە رووسیا لەگەڵ هێرشەکەی تورکیادا نەبوون.

News Code 6478

Your Comment

You are replying to: .
captcha