کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆ رۆبۆسکێی دووەمە/ بەرپرسی ئەم کوشتارە حکوومەتی تورکیایە

بەشی تورکیا- ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی گەلان راگەیێندراوێکی لەبارەی تۆپبارانی سەر گوندی پەرەخ لە زاخۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاند: سوپای تورکیا بۆردوومانی هاووڵاتیی سڤیلی کورد و عەرەب کردووە کە بۆ گەشت کردن چوونەتە ناوچەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرکردایەتیی هەدەپە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: سوپای تورکیا پێشتر بەهەمان شێواز ناوچە سڤیلنشینەکانی شنگال و مەخمووری بۆردوومان کرد. دوایینجار رۆژی 26ـی ئایار بۆردوومانی ناوچەی بامەڕنێی کرد و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەست دا، کە دووانیان منداڵ بوون.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی هەدەپە هاتووە، بەگوێرەی راپۆرتێکی CPT لە 2015ـەوە دەسەڵاتی ئاکپارتی لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی بۆ سەر مەخموور و شنگال و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لانیکەم 138 کەسی کوشتووە کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن.

هەدەپە راشیگەیاند، لە کاتێکدا تورکیا واژۆی لەسەر رێککەوتنی نێودەوڵەتیی قەدەخەکردنی تاوانی جەنگ کردووە، کەچی ناوچە سڤیلنشینەکان بۆردوومان دەکات و خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج.

هەدەپە تۆپبارانەکەی تورکیا بۆ سەر گوندی پەرەخ بە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکێ بەراورد دەکات و دەڵێت: "ئەم کۆمەڵکوژییە لە مێژوودا بەدووەم کۆمەڵکوژی دەناسرێت لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی".

هەدەپە داوای ئاشکراکردن و سزادان و دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ دەکات و داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵات لە حکوومەت بسەنرێتەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لەودیوی سنوورەکان کۆتاییان پێبێت.

شایانی باسە له‌ 28ـی کانوونی یەکەمی 2011، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكه جەنگییەکانی سوپای توركیا، 34 کەسی دانیشتووی گوندی رۆبۆسکێ سەر بە پارێزگای شرناخ لەسەر سنووری کوردستانی تورکیا و عێراق گیانیان لەدەست دا.

News Code 6484

Your Comment

You are replying to: .
captcha