ڕۆژئاوا دەبێت بەشێوەی جیدیی دەست بۆ پرسی کوردەکانی تورکیا بەرێت

بەشی جیهان- ڕێکخراوی مەدەنیی ئاشتیی جیهانی جەختی کردەوە دەوڵەتی ئەمریکا و دیکەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبێت بۆ چارەسەر کردنی پرسی کوردەکان گوشار بخەنە سەر تورکیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێکخراوی مەدەنیی ئاشتیی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا کە باسی لە زیندانی کردنی دەیان سیاسەتمەداری کوردی تورکیا کردووە، جەختی لەسەر داخڵ بوونی وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردووە بەپرسی دۆخی کورد لە تورکیا ئەوەش بەبۆنەی پەیوندیی بەربڵاوی ئەو وڵاتانە لەگەڵ تورکیا.

ئەم ڕێکخراوەیە داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردووە کەڵک لە ئامێری جۆراوجۆر بگرن بۆ گوشار خستنە سەر تورکیا لەوان سزادانی ئابووری بەمەبەستی چارەسەر کردنی ئاشتییانەی پرسی کورد.

ڕێکخراوی ئاشتیی جیهانی داوایشی کردووە نوێنەرێکی پسپۆڕ لەبواری تورکی-کوردی بۆ دەست پێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان تورکیا و پەکەکە دەست نیشان بکرێت.

بەباوەڕی ئەم ڕێکخراوەیە، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەنێوان تورکیا و سەرکردەکانی پەکەکە لەوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردەی زیندانیی ئەو گرووپە بە نێوەندگیریی نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت یارمەتیی بدات بۆ کۆتایی هاتنی ئاژاوەکان.

ڕێکخراوەکە بە سەرکردەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی پێشنیار دەکات ئەندامێتیی تورکیا لە ڕێکخراوە نێونەوتەوەییەکان و درێژەیی پەیوەندیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕۆژئاوا ببەستن بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لەلایەن ئەنقەرەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 649

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha